
پیۆتر ئیلیچ چایکۆڤسکی، یەکێکە لە دیارترین موزیکدانەرانی ڕووسیا، لە ئاستی قۆناغی ڕۆمانتیکی موزیکدا، ناوێکی ناسراو و جیهانییە، یەکەم موزیکدانەری ڕووسیایە لە جیهاندا ناوبانگ پەیدابکات.
ناوبانگی لە ئەمریکا و ئەورووپا هەبووە
لە ئاستی کیشوەرەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، موزیکەکانی چایکۆڤسکی ستایشکراون، ڕێکەوتی حەوتی ئایاری 1840، لە ڕووسیا لەدایکبووە، لە کۆنسێرڤاتواری سان پیتەرسبۆرگ خوێندوویەتی و لەسەر دەستی ئانتۆن روبینشتاین پەروەردە بووە، ئەمە ڕاستەوخۆ یاریدەدەری بووە بۆ بەرەوپێشچوونی توانا موزیکییەکانی.

بالێکانی زۆر بەناوبانگن
لە ئاستی دانانی سیمفۆنی، بالێ و کۆنچێرتۆدا، ناوبانگێکی زۆری هەیە، خاوەنی سێ لە دیارترین بالێکانی جیهانە، ئەوانیش:
Swan Lake
The Nutcracker
Sleeping Beauty
لە دیارترین کارەکانی دیکەشی بریتین لە: سیمفۆنییەکانی ژمارە پێنج و شەش.
لە نیویۆرک ڕابەرایەتیی کردووە
ساڵی 1891، چایکۆڤکسی لە هۆڵی کارنیگی شاری نیویۆرک ڕابەرایەتیی کردووە و بەمەش لە ئاستی جیهانیدا توانای خۆی سەلماندووە، ناوی چووەتە لیستی باشترین موزیکدانەرەکانی مێژوو.

سەر بە ڕەوتی ڕۆمانتیک بووە
چایکۆڤسکی لەماوەی ژیانی هونەریی خۆیدا، بەنزیکەی 170 پارچەی موزیکیی داناوە و یەکێک بووە لە دیارترین موزیکدانەرانی ڕەوتی ڕۆمانتیکیزم.
گومانێک لەسەر مردنی هەیە
ڕێکەوتی شەشی تشرینی دووەمی 1893، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، تەنیا پاش تێپەڕینی نۆ ڕۆژ بەسەر نمایشی یەکەمی سیمفۆنیای ژمارە شەش، لە تەمەنی 53 ساڵیدا، چایکۆڤسکی، بەهۆی نەخۆشی کۆلێرا کۆچی دوایی کردووە، بەشێکیش تاوەکو ئێستا گومان لەوە دەکەن، لەژێر فشارە کۆمەڵایەتییەکاندا، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.
