هۆڵیوودی پاش هەڵبژاردنی نیوەخول هۆڵیوودێکی دیکەیە

پووختەی هەواڵ:

  • دەرئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر فیلمسازی و پیشەسازیی سەرگەرمیی وڵاتەکە دروستدەکات

  • پێشبینی دەکرێت باجی بەرهەمهێنانی سینەمایی گۆڕانکاری بەسەردا بێت

  • سکایدانس وەکو زەبەلاحە تاقانەکەی هۆڵیوود دەکەوێتە بەردەم هەڵبژاردەی لایەنگریکردنی ترەمپ یان پشت-تێکردنی

  • سنوورێک بۆ ژیریی دەستکرد دادەنرێت


بردنەوەی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر هۆڵیوود و دیمەنی سینەمایی وڵاتەکە دروستدەکات و لە پاشکۆی ئەم گۆڕانکارییەشدا، ئەم بوارانە ئەجێنداکانیان هەموار دەکرێنەوە:

  • پیشەسازیی سەرگەرمی

  • ئازادیی میدیایی

  • بەشداریی ئەستێرەکان لە سیاسەتدا

  • بەرهەمهێنانی سینەمایی

  • ژیریی دەستکرد


چاودێرەکانی واشنتن دەڵێن:

ئەم پێشهاتە جگە لە شکستی کۆمارییەکان، شێوازی پەیوەندیی حکومەت بە هۆڵیوود دەگۆڕێت ساڵانێکە سینەمای ئەمریکا لەژێر ئەجێنداکانی ترەمپدا دەژی و چیتر ئەمە بەردەوام نابێت.

ستیڤن زیەتچیک، نووسەری بەرەوپێشچووی هۆڵیوود ڕیپۆرتەر، پێشهاتەکانی نێوان هەڵبژاردنی نیوەخول و هۆڵیوود و میدیا بە گشتی، لە شەش خاڵی سەرەکیدا کۆدەکاتەوە:

  • کەمکردنەوەی باجی بەرهەمهێنان: گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکە، هەلی زیاتر بۆ ناوەندە سینەماییەکان دڕەخسێنێت کاری زیاتر بکەن، بەڵام ناڕوونییەک هەیە لەسەر داهاتووی کەمکردنەوەی باج لەسەر بەرهەمهێنانی هۆڵیوود و نازانرێت دەکرێت بە یاسا یاخود نا.

  • 38 ساڵە تێکساس سیناتۆرێکی دیموکراتی بۆ سینات نەبردبووەوە: جەیمس تالاریکۆ، وەکو سیناتۆرێکی دیموکراتی تێکساس هەڵبژێردراوە، ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەو هونەرمەند و سینەماکارانە دروستدەکات کە تێکساسین؛ پاڵنەر دەبێت بۆ هەمەجۆرکردنەوەی دیمەنی دابەشبوونی کارەکتەرەکانی هۆڵیوود لەسەر بنەمای ویلایەتەکانیان.

  • پەیامە میدیاییەکان دەبنە جێگەی سەرنج: پێشبینی دەکرێت ترەمپ چیتر نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی، پەیامە سیاسییەکانی لەڕێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە کۆشکی سپی و کەناڵە میدیاییەکان ئاڕاستە بکات؛ فشاری نوسینگەی کارگێڕی هێندە گەورە دەبێت، گۆڕانکاریی بەسەر پەیامە توندە میدیاییەکاندا دێت.

  • زەبەلاحەکەی هۆڵیوود لەبەردەم دووڕیانێکی گەورەدایە: لەماوەی ڕابردوودا کڕینەوەی کۆمپانیای وارنەر برۆس لەلایەن سکایدانس بە بەهای 111 ملیار دۆلار، تای تەرازووی بەرهەمهێنانی پیشەسازییەکەی بە لایەکدا خست، دەیڤد ئێڵسن خاوەنی سکایدانس، دەکەوێتە بەردەم ئەو دووڕیانە گەورەیەی بەردەوام بێت لە حەوانەوە لە ژێر سێبەری دۆناڵد ترەمپ، یاخود ڕێچکەیەکی نوێ بگرێتە بەر و گەورەترین ستۆدیۆی هۆڵیوود بخاتە خزمەتی ئاڕاستەیەکی نوێی سیاسی.

  • ئامادەیی ئاشکرای کەسایەتییە هونەرییەکان لە هاوکێشەی سیاسیی ئەمریکا کاڵ دەبێتەوە: پێشبینی دەکرێت، لە خولی داهاتووی هەڵبژاردندا، کەسایەتیی کەمتری میدیایی و سینەمایی لە گۆڕەپانە سیاسییەکەدا دەربکەون، بەڵام لە هەڵمەتی تایبەتدا بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوەی کۆمەک و پاڵپشتیکردن لە پارتە دڵخوازەکانیان.

  • خاوبوونەوەی ژیریی دەستکرد: تاوەکو دەرئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەخول، بەردەوامبوونی برەودان بە ژیریی دەستکرد لە ئەمریکا پرسێکی زاڵ و سەرەکی بوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت، دیموکراتەکان بە یاسا، ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی زیاتری ئەم تەکنەلۆجیایە بکەن و داوای لێکۆڵینەوەی ورد بکەن لەسەر پاشخانی کۆمپانیا پەرەپێدەرەکان و مەترسیی ناوەندەکانی زانیاری و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە و ژینگە.

حەسەن فەلاح

Thu Nov 05 2026

Loading related news...