
وەزیرى دەرەوەى عێراق و هاوتا ئیتاڵییەکەى کۆبووەوە.
وەزیرى دەرەوە: جەنگى ئەمریکا و ئێران زیانى 60 ملیار دۆلارى لە عێراق داوە.
فوئاد حسێن: گرنگە پەیوەندییەکانى عێراق و ئیتاڵیا بەردەوامبێت.
فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنیۆ تایانى وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا لە ڕۆما کۆبوونەوە، لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەسەر تەواووبوونى ئەرکى هێزەسەربازییەکانى ئیتاڵیا لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە و کاریگەرییەکانى شەڕى ئۆکرانیا و ڕووسیا و ئەمریکا و ئێران کرد، وەزیرى دەرەوەى عێراق ئاشکرایکردووە، بەهۆى جەنگى ئەمریکا و ئێرانەوە عێراق 60 ملیار دۆلار زیانى کردووە.
سوپاسى هەڵوێستى ئیتاڵیا و پشتیوانیی بەردەوامى ئەو وڵاتە بۆ عێراق کرا.
لە شەڕى دژى داعش ئیتاڵیا ڕاهێنانی بە پۆلیسى فیدڕاڵى و هێزەکانى پێشمەرگە کرد.
پەرەپێدانى پەیوەندییەکان لە پاش کۆتاییهاتنى ئەرکى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژى داعشکراوە.
دۆسیێ هەڵپەسێردراوەکانى نێوان عێراق و ئیتاڵیا گفتوگۆى لەبارەوە کراوە.
دۆسیێکان پەیوەستن بە کۆمپانیاکانى ئیتاڵیا، بۆ سەردەمى ڕژێمى پێشووى عێراق.
باس لە و دوو جەنگە گەورەیە کراوە کە کاریگەرى لەسەر ئاسایشى وزەى جیهان دروستکردوە.
ئەوانیش جەنگى ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئەمریکا و ئێرانن.
فوئاد حسێن: عێراق لە جەنگى ئەمریکا و ئێران 60 ملیار دۆلار زیانى کردووە.
هۆشداری دراوە لە بەردەوامبوونى جەنگەکان.
جەنگەکان قەیرانى وزە زیاتر دەکەن و کاریگەریی نەرێنى لەسەر ئابوورى جیهان دەبێت.
لایخۆیەوە، وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا پشتیوانى وڵاتەکەى لە چەند بوارێکى جیاواز بۆ عێراق دووپاتکردوەتەوە و لە لایەن وەزیرى دەرەوەى عێراق بەفەرمى وەزیرى دەرەوەى ئیتاڵیا بانگێشتى عێراق کرا.