
پرۆسەى دادگایکردنى چەکدارانى داعش لە دادگاکانى عێراق بەردەوامە.
داعشە فەرەنسییەکان پێشتر لە زیندانەکانى باکوور و ڕۆژھەڵاتى سووریا بوون.
سێ هاوڵاتی فەڕەنسی، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی داعش، لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە کەرخەوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزادران.
ئەو سێ تیرۆریستە هەڵگری ڕەگەزنامەی فەڕەنسان.
پڕۆسەی دادگاییکردنیان بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانیان و نوێنەرایەتیی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە عێراق بەڕێوەچووە.
ئەو سێ تیرۆریستە بەگوێرەى یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بە تاوانی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی داعش، بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراون.
ئەو سێ فەڕەنسییەی سزادراون، پێشتر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاوە، گواسترابوونەوە بۆ عێراق.
هەر لەم هەفتەیەدا حەوت چەکداری دیکەی فەڕەنسی ناو داعش، لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرخەوە دادگاییکران و شەش لەو چەکدارانە بە سزای هەتاهەتایی و چەکدارێکی دیکەشیان بە 15 ساڵ زیندانیکردنی سزادران.
ژمارەی ئەو چەکدارە فەڕەنسییانەی داعش کە گواسترابوونەوە بۆ عێراق 47 کەس بوون، لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخەوە دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە، دۆسییەکەیان ڕەوانەی دادگای تاوانەکان کرابوو.
