هەموو سکئێشەیەک هی گەدە نییە و هەموو ئازارێکی سنگیش هی دڵ نییە

د. محەمەد بەرزنجی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی
د. محەمەد بەرزنجی، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی

کەناڵ8- سلێمانی

زۆرێک لە ئێمە کاتێک هەست بە ئازار دەکەین لە ناوچەی سنگ یان سەرووی سک، تووشی دڵەڕاوکێ دەبین و نازانین سەرچاوەی ئازارەکە چییە.

دەکرێ ئەم ئازارانە هۆکاری جیاجیای هەبێت

لەجەڵتەی دڵەوە بیگرە تا ئازاری گەدە، ئازاری زراو، ئازاری کۆڵۆن و شتی تریش

لێرەدا بە کورتی نیشانەکانی هەر یەکێکیان باس دەکەین تا بتوانین ئازارەکان بناسینەوە بۆ ئەوەی هۆشیار بین:

یەکەم / ئازاری دڵ (نۆرەی دڵ یان سنگەکوژێ):

شێوازی ئازار: هەستکردن بە قورسییەکی زۆر، وەک ئەوەی قورساییەک لەسەر سنگت بێت، یان گوشینی توند.

شوێنی ئازار: ناوەڕاستی سنگ، بەڵام زۆرجار بڵاو دەبێتەوە بۆ (قۆڵی چەپ، شەویلگە، شان، یان پشت).

نیشانەی تر: تەنگەنەفەسی، ئارەقەکردنی سارد و هێڵنجدان.

کەی زیاتر دەبێت؟ زۆرجار لەکاتی ماندووبوون یان پەستانی دەروونی زیاد دەکات.

دووەم/ ئازاری گەدە (برین، یان دڵەکزێ):

شێوازی ئازار: زیاتر وەک "سوتانەوە یان کزانەوە" هەستی پێ دەکرێت.

شوێنی ئازار: سەرووی سک (رێک لەو شوێنەی پەراسوەکان دەگەنەوە بە یەک) و هەندێک جار بەرەو سنگ دەچێت کە پێی دەوترێت (دڵەکزێ).

نیشانەی تر: غازات، تامی تاڵی لە دەم، گەڕانەوەی خواردن یان ترشی بۆناو دەم و هەستکردن بە تێریی زۆر.

کەی زیاتر دەبێت؟ پەیوەندی بە خواردنەوە هەیە؛ یان ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن یان کاتێک گەدە زۆر خاڵییە یان کاتێک پاڵ دەکەوین.

سێیەم/ ئازاری زراو (بەردی زراو یان هەوکردن):

شێوازی ئازار: ئازارێکی تیژ و کتوپڕە کە دێت و دەچێت (کۆڵنج و پێچکردن).

شوێنی ئازار: لای ڕاستی سەرووی سک، زۆرجار بڵاو دەبێتەوە بۆ (شانی ڕاست یان نێوان هەردوو شان لە پشتەوە).

نیشانەی تر: هێڵنجدان و ڕشانەوە، هەندێک جار زەردوویی چاو.

کەی زیاتر دەبێت؟ زیاتر دوای خواردنی ژەمە "چەورەکان" دەست پێدەکات.

ئەم زانیارییانە تەنها بۆ هۆشیارییە. ئەگەر ئازارەکەت توند بوو، یان گومانت لە ئازاری دڵ هەبوو، تکایە کات بەفیڕۆ مەدە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە بکە یاخود سەردانی پزیشک بکە، چونکە پشکنینی پزیشکی (هێڵکاری دڵ و ئەنزیمەکانی دڵ و پشکنینی پزیشک) تاکە ڕێگەی دڵنیاییە.

د.محەمەد سەیدعەلی بەرزنجی

پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی

Loading related news...