پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دوای کۆبوونەوەیان

کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی
کۆبوونەوەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی

ئەمڕۆ یەکشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رایانگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان ئەنجامدا و گفتوگۆکانمان بەردەوامدەبن و ئامانجمان پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزارە بۆ خەڵکی کوردستان".

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ مەسرور بارزانی زۆر باش بوو و لەسەر چەند بابەتێکی ستراتیجی کە بۆ میللەتەکەمان باش بێت رێککەوتین".

گوتیشی، "گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن و ئامانجمان ئەوەیە بە زووترین کات حکومەتێک دروستبکەین بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەمان".

لای خۆشیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، " ئەم کۆبوونەوەیە دووەم جارە و کۆبوونەوەکان زۆر ئەرێنی و باش بوون بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی زۆر گرنگن بۆ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەمان بەشێوەیەکی گشتی و پێشکەوتنی باش لەو بارەیەوە هەبووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئومێدەوارین تیمەکانمان بتوانن بگەن بە رێککەوتنی تەواو لەسەر پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی نزیکدا و خەڵکی کوردستان هەموویان دڵخۆشبن بە بەرەوپێشچوونی ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوانماندایە".

هیوا حسێن

Sun Mar 16 2025

Loading related news...