لە سلێمانى، شەقام و یەکتربڕێکى نوێ دروست دەکرێت.
سەنتەرى شار و ڕۆژهەڵاتى سلێمانى بە شەقامى 100مەترى دەگەیەنێت
یەکتربڕەکە ناوى یەکتربڕى قەرەتۆغانە، دەکەوێتە نزیک پردى وڵوبە، لەنێوان ئەوین سیتى و گرین سیتى.
لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى، لەبارەى یەکتربڕەکەوە دەڵێت" یەکتربڕەکە 15 ملیار دینارى پێویستە، بودجە و دیزاینەکەى ئامادەکراوە و لەماوەیەکى نزیکدا کۆمپانیاى جێبەجێکار دەست بە پرۆژەکە دەکات.
یەکتربڕەکە بۆ تەواوبوونى550 ڕۆژى پێویستە.
بەجۆریک دروستدەکرێت قەرەباڵغى سەر ئەو شەقامەى نێوان پردى وڵوبە بۆ فلکەى سلێمانى - عەربەت بەتەواوى چارەسەر دەکات.
لەگەڵ ئەم یەکتربڕە، شەقامێک دروست دەکرێت، دەبەسترێتەوە بە شەقامى کوردستى، کە بەڕۆدى شەش ناسراوە.
شەقامەکە ڕاستەوخۆ دەچێتەوە شەقامى 100 مەترى سلێمانى، (ئوتوبانى بابان).
یەکتربڕ و شەقامەکە ئاسانکاریى تەواو بۆ ئەو کەسانە دەکەن، کە دەچنە سەر شەقامى 100مەترى و بە پێچەوانەشەوە.
ئاڕاستەى شەقامە نوێیەکە بەمجۆرەیە، لە نزیک ئەوین ستى دەستپێدەکات، بەبەشى خوارەوەى گەڕەکى وڵوبەدا تێدەپەڕێت، لە بەردەم زانکۆى جیهان و سائیب ستى دەچێتەوە سەر ئەو شەقامەى کە بە ڕۆدى شەش ناسراوە و ئێستا کارى تێدا دەکرێت و سەنتەرى سلێمانى دەگەیێنێتە شەقامى 100مەترى.