ئەمریكا وهاوپەیمانەكانی خۆیان لە تووڕەكردنی ئێران دەپارێزن

یەکێک لە دامەزاوە ئەتۆمییەکانی ئێران. فۆتۆ: گوگڵ
یەکێک لە دامەزاوە ئەتۆمییەکانی ئێران. فۆتۆ: گوگڵ

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆچوونیان وایە رێوشوێنی کردەیی لە دژی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران گرژییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات.

کارا نەکردنەوەی کامێرای چاودێری لە ناوەندە ئەتۆمییەکان، قەدەغەکردنی چالاکییەکانی هەندێک لە پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و زیادکردنی رێژەی یەدەگی یۆرانیۆم لە پلەی 60 کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەکار دەهێندرێت، سێ بابەتی گرنگن کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لە سێ مانگی رابردوودا کاری لەسەر کردووە.

ئەم سێ بابەتە "گرنگ"ە لەکاتێکدایە "ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خۆیان لە گرتنەبەری رێوشوێنی کردەیی دژ بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەپارێزن و بۆچوونیان وایە هەر کردەوەیەک، گرژییەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات".

رۆژئاوا نایشارێتەوە، دۆخی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران زۆر ئاڵۆزە و ئێران پابەندی رێککەوتنەکان نەبوو، بەڵام جەختیشلەوەدەکەنەوە، لەئێستادا کەس نایەوێت ئێران ناچار بکات کاردانەوەی نەرێنیی هەبێت بەرامبەر بە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل.

لە دوایین کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئێران لەسەر هاوکاری نەکردنی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم، بەڵام تەنانەت بڕیارنامەیەکی رەخنەگرانەشیان لە دژی ئێران پێشکەشنەکرد.

بەڵام بە گوتەی لۆرا هۆڵگەیت، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران بە شێوەیەکی بێوێنە سنوورەکانی بەزاندووە.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەو وڵاتە، هەوڵیدا سیاسەتەکانی ترەمپ وەلا بنێت و بە دانوستاندن کێشەکان چارەسەر بکات، ئەمەش رەخنەی کۆمارییەکانی لێکەوتەوە و ئەمریکای بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد.

بەگوێرەی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئێران ئێستا 128.3 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی تا ئاستی 60%ی کۆکردۆتەوە كە بە شێوەیەکی گشتی بەسە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

لە مانگی سێپتەمبەردا، تاران بڕیاریدا رێگری بکات لە هاتنە ناوەوەی ژمارەیەک پشکنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەرپرسیارن لە چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ئەم هەنگاوەی ئێران لەکاتێکدا روودەدات کە ئەو وڵاتە  جارێکیتر دانانی کامێرای چاودێری لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا دواخستبوو.

رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، هەنگاوەکانی ئێران بە نابەرپرسانە ناو دەبات و دەڵێت : "ئەوەی ئێران دەیکات، لێدانە لە تواناکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی".

توێژەرانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئەمنی لە ئینستیتیوتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فەڕەنسا رایانگەیاندووە : "بەهۆی ئەوەی ئاستی پەیوەندیی تاران لەگەڵ گروپە ئیسلامییە فەڵەستینییەکان روون نییە، سەرکردەکانی رۆژئاوا دەیانەوێت تا دەتوانن رێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر".

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا جەختیلەوەکردووەتەوە، رێگرتن له هەڵگیرسانی شەڕ و گرژییەکان له ناوچەکەدا هەنگاو هەڵدەگرن.

Loading related news...