زەید حوشى؛ گورزەکەى دەستى زەیدى بۆ لێدان لە گەندەڵکاران

زەید حوشى؛ گورزەکەى دەستى زەیدى بۆ لێدان لە گەندەڵکاران

00:00/00:00
فەریق ڕوکن زەید حوشی مووسەوى، سەرۆکى دەزگاى دژەتیرۆرى عێراق

پووختەى هەواڵەکە

  • زەیدى حوشى؛ کارەکتەرى سەرەکى پشت کۆنتڕۆڵکردنى جورفولسەخر.

  • تۆقێنەرەکەی عێراق لە دۆسیەی عەدنان جومەیلییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جورفولسەخر.


کێیە ئەو کەسەى بووەتە هەڵسوڕێنەر و کارەکتەرى سەرەکى عەلى زەیدى لە هەڵمەتەکانى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى و پڕۆسەى کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت. ئەوەى لە میدیا و شاشەکانەوە دەبینرێت، تەنیا دیوێکى بابەتەکەیە، دیوەکەى دیکەى کەسێکى دیکەیە، ئەو کەسە، فەرماندەیەکی مەیدانیی بریندار و پیشەگەری فیرقەی ئاڵتوونییە کە لە دۆسیەی گەندەڵییەوە بۆ جەنگی جورف ئەلسەخر، وەک قورسترین و کاریگەرترین گورزی دەستی عەلی زەیدی دەردەکەوێت، ئەو فەرماندەیەی بە ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری و ورد، هاوسەنگیی هێز لە گۆڕەپانی عێراقدا دەگۆڕێت.


فەریق ڕوکن زەید حوشی مووسەوى

  • یەکێکە لە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی عێراق.

  • لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە وەک سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستبەکاربووە.

  • لە شوێنى فەریق ڕوکن کەریم عەبود تەمیمی.

پاشخانی ئەکادیمی و سەربازی حوشى

  • زەید حوشى، دەرچووی کۆلێجی سەربازیی عێراقە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو.

  • بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سەربازییەکان لە کۆلێجی ئەرکانی عێراق بەدەستهێناوە.

  • بە هۆیەوە نازناوی "ڕوکن"ـی پێبەخشراوە.

  • ئەفسەرێکی پیشەگەری بواری هێزە تایبەتەکان و پیادەیە.

  • بە درێژایی خزمەتی سەربازی لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکاندا بووە.

  • لە ڕابردوودا ژمارەیەک ئەرک و بەرپرسیارێتى گرنگ و هەستیارى وەرگرتووە.

  • پێش ئەوەی ببێتە سەرۆکی دەزگاى دژە تیرۆر.

  • فەرماندەی فیرقەی هێزە تایبەتەکانی یەکەم بووە لە ناو دەزگای دژە تیرۆر.

  • کە بە "فیرقەی ئاڵتوونی" (الفرقة الذهبية) ناسراوە.

  • بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان بووە.

  • پاشان جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان لە دەزگای دژەتیرۆر کاری کردووە.

  • بۆ ماوەیەک وەک ڕاوێژکاری سەربازی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کارى کردووە.

  • لە مانگی تەمموزی 2026 بە فەرمانی عەلی زەیدی، وەک سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستنیشان کرا.

ڕۆڵە مەیدانییەکانى زەید حوشى

حوشى لە شەڕی دژی داعش (2014 - 2017)، ڕۆڵێکی سەرەکی و مەیدانی هەبووە لە سەرکردایەتیکردنی هێزە تایبەتەکان لە پڕۆسەکانی ڕزگارکردنەوەی شارەکانی تکریت، ڕەمادی، فەلوجە و بە تایبەتیش شەڕی سەختی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ.

بە هۆی ئەوەی دەزگای دژەتیرۆر ڕاستەوخۆ لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکاوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە، زەید حوشى ئەزموونێکی زۆری هەیە لە هەماهەنگیی سەربازی و هەواڵگری لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان.

لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی دەزگاى دژە تیرۆر، جەختی لەسەر گۆڕینی شێوازی کارکردنی دژە تیرۆر کردووەتەوە لە شەڕی بەرەییەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی هەواڵگریی ورد، دابەزینی ئاسمانی و ڕاوەدوونانی شانە نوستووەکانی داعش لە ناوچە سەختەکانی وەک زنجیرە چیاکانی حەمرین، وادی شایی و بیابانی ئەنبار.

لە ڕووى پێگەو تایبەتمەندییەوە

زەید حوشى مووسەوى، لە نێو دامەزراوەی سەربازیی عێراقدا بە ئەفسەرێکی پیشەگەر و دوور لە ململانێ سیاسی و حیزبییەکان دەناسرێت، کە زیاتر بە پلەبەندیی سەربازی و لێهاتوویی مەیدانی گەیشتووەتە ئەم پۆستە باڵایە.

چەندین جار لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی داعش بریندار بووە، ئەمەش وایکردووە لە ناو سەرباز و ئەفسەرانی دەزگاکەدا پێگەیەکی جەماوەری و مەعنەویی بەهێزی هەبێت.

ئێستا سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆر گورزێکی بەهێزە بە دەست سەرۆک وەزیرانەوە بۆ لێدان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلییەوە تێوەگلابوون.

لە دۆسیەى جورفولسەخریش سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکى گەورەى هەیە و هێزەکەى ڕۆڵى سەرەکى هەیە لە پرۆسەى کۆنترۆڵکردنى جورفولسەخر، کە پێگەی سەرەکی حیزبوڵای عێراقییەو یەکێکە لە ناوچە هەستیار و ستراتیجییەکانی عێراق.

زەیدى دەیەوێت بە پاڵپشتیی دژە تیرۆر و هێزەکانى دیکە، ئەو کارە بکات کە 12 ساڵ بوو وەک نهێنییەک مابوویەوە و کەس خۆى لە قەرەى نەدەدا.

Loading related news...