
لە پارێزگاى میسان، هەشت بەرپرسى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان دەستگیرکران.
بەرپرسىان بەتۆمەتى زیانگەیاندن بە سامانى گشتی دەستگیرکراون.
دەستەى دەستپاکیى عێراق بڵاویکردەوە، تیمێکى کار لە نووسینگەى لێکۆڵینەوەکانى میسان، دواى پشکنین و وردبینى، هەشت بەرپرسى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانی دەستگیرکردووە .
دەستگیرکردنەکان لە ئەنجامى ئاشکرابوونى زیادەڕۆیى بووە لە داواکارییەکانى کڕینى سووتەمەنى.
بەجۆرێک لە ماوەى مانگێکدا چەند جارێک داواکارییەکان دووبارە کراونەتەوە، بەبێ ئەوەى سوود لە ماددەى بەردەست لە کۆگاکانى کۆمپانیاکە وەربگیرێت.
هەر جارێکیش نرخى کڕین گەیشتووەتە 98 ملیۆن دینار.
کۆمپانیاکە کارمەندى ناردووە بۆ لقى بەسرە بۆ ئاگاداربوون لە بارکردنى تانکەرەکان، ئەمە پارەیەکى زۆرى بۆ خەرجکراوە.
لەکاتێکدا دەتوانرا لقى کۆمپانیاکە لە بەسرە ڕابسپێردرێت هەمان کار بکات و ئەو پارەیەش خەرجنەکرێت.
دەستەى دەستپاکى ڕاشیگەیاندووە، دادوەرى لێکۆڵینەوە 25 کارمەند و بەرپرسى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکانى میسانى بانگێشتکردووە و وتەى لێوەرگرتوون، لە دەرەنجامى لێکۆڵینەوەکان و پاڵپشت بە ماددەى 340 لە یاساى سزادان، هەشت بەرپرس دەستگیرکراون، لەنێویاندا بەرپرسى بەشى سەرچاوە مرۆییەکان، بەرپرسى هۆبەى بودجە، و بەرپرسانى هۆبەى خەمڵاندن، سەکۆى ئەلیکترۆنى، لێکۆڵینەوەى کارگێڕى، بریکارى هۆبەى چاودێریی و وردبینى ناوخۆیی لە کۆمپانیاکەیان تیادایە.