
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ڕۆشنبیری، میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکانی "پاڵاپۆشی" خستەڕوو و داوایکرد سەرەتا لە حکومەتەوە دەستپێبکات.
سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، ڕەچاوکردن و جێبەجێکردنی یاساکانی پاکیزەیی و پاڵاپۆشی، دەبێت سەرەتا لە بەرپرس و بەڕێوەبەرانی دامودەزگا حکومییەکانەوە دەستپێبکات، ئینجا بۆ خەڵک بگوازرێتەوە.
پزیشکیان داوای کردووە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران ڕۆڵی هەبێت لە برەودان بەو فەرهەنگە، بەجۆرێک لە فیلم و زنجیرەکاندا ڕەنگبداتەوە و ڕێز لە ئاداب و کولتووری کۆمەڵگە بگیرێت.
یاسای نوێی "پاکیزەیی و پاڵاپۆشی" لە 70 ماددە و 38 پاشکۆ پێکهاتووە. لە ماددەی 49ـی یاساکەدا هاتووە:
لە قۆناغی یەکەمدا سزای ماددی هەیە بۆ سەرپێچیکار (ژن بێت یان پیاو).
بڕی سزاکە لە 20 ملیۆن تمەنەوە دەستپێدەکات تاوەکو 165 ملیۆن تمەن.
لە قۆناغی دواتردا سزای زیندانیکردنیش دەگرێتەوە.
یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکراوە و تەنیا پێویستی بە واژۆی سەرۆککۆمارە بۆ جێبەجێکردن، بەڵام پزیشکیان چەند جارێک جەختی کردووەتەوە کە ئەو واژۆی ناکات، چونکە پێیوایە "دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشەی کۆمەڵایەتی".
لە دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی (1979) حیجاب ناچارییە، بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی 2022 (ژینا ئەمینی)، بەشێکی زۆری ژنانی ئەو وڵاتە کەمتر پابەندی حیجاب دەبن و یاساکان پشتگوێ دەخەن.
