
بەگوێرەی ڕاپۆرتی "پلاتفۆڕمی کوشتنی ژنان ڕادەگرین" مانگی ئەیلوول لە باکووری کوردستان حەوت ژن و لە تورکیاش 21 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون. هاوکات 19 ژنی دیکە بە هۆکاری گوماناوی، گیانیان لەدەستداوە.
ڕاپۆرتە دەریدەخات، 50%ـی ژنەکان لە ماڵەکانیان، 21%ـیان لەسەر ڕێگاکان و ئەوانی دیکەش لە شوێنی جیاواز کوژراون.
لەبارەی جۆری کوشتنەکەشیان، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لەو 28 ژنەی کوژراون، 15ـیان بە چەک، حەوتیان بە چەقۆ، دوو ژنیان بە خنکاندن و ژنێکیان بە لێدان کوژراون.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی پلاتفۆڕمەکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لە باکووری کوردستان و تورکیا 272 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
تەنیا لە باکووری کوردستان و تورکیا نییە و بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لە کۆتایی 2025 بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژانە لە جیهاندا نزیکەی 137 ژن لەلایەن پیاوانەوە دەکوژرێن، واتە لە هەر 10 خولەکێکدا ژنێک دەکوژرێت.