
عومەر فەقێ وتاربێژ و کەسایەتییەکى ناسراوى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
لەلایەن ئاسایشى هەولێرەوە لەگەڵ تۆمەتبارێکى دیکە دەستگیرکراوە.
ماڵێکى پیشانى تەقەکەرێک داوە و هانى کەسێکى دیکەشى داوە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاشکراى کرد، عومەر فەقێ وتاربێژ و بانگخواز بە دوو تۆمەت دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
ڕوونکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر:
لە 29ـى ئەیلوول، لە گەڕەکی 99ـی زانکۆ، ماتۆرسکیلێک تەقەی لە ماڵی هاوڵاتییەک بەناوى فاتمە ئیبراهیم کرد.
دواى بەدواداچوون ناسنامەی تۆمەتباری سەرەکی ئاشکرا کرا بەناوی ( م، ع، ع ).
بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.
تۆمەتباری ناوبراو دوای تاوانەکەی هەڵاتبوو بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
لە کاتی گەڕانەوەیدا لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرا.
لە درێژەی لێکۆڵینەوەکاندا، تۆمەتبارێکی دیکە کە کەسێکی ناسراوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەناوی (ع، م، ف) دەستگیر کراوە_مەبەستى لە عومەر فەقێیە_.
ناوبراو لە کاتی تاوانەکەدا لە کامێراکانی چاودێریدا دەرکەوتووە کە لەگەڵ تۆمەتباری تەقەکەردا بووە.
ماڵی هاوڵاتی فاتمەى دەستنیشان کردووە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
ئاسایشی هەولێر: عومەر فەقێ سەرەڕای ئەم تۆمەتە، تۆمەتبارە بەوەی هانی کەسێکی دیکەی داوە تەقە لە هەمان ماڵ بکات.
ئاسایشی هەولێر: بەهۆی بوونی کێشەی لەگەڵ کوڕی ئەو ماڵە کە ناوی ( زرار )ـە.
ئاسایشی هەولێر: زرار ، خۆیشی تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە نووسینگەی خانوبەرەی (ع، م، ف) و لە ئێستادا بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵاتووە.
پێشتر و لە 25ـی شوباتی 2025، لەسەر ئەوەی لە دیمانەیەکدا نموونەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی هێنایەوە و گوتی "گۆڕی پڕ نوور بێت." فەرمانی گرتن بۆ عومەر فەقێ دەرچوو بوو، کە ناوبراو وەک بانگخواز، وتاربێژ و چالاکوان ناسراوە.