
ئێرانییەکان بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانن، ئایا موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی وڵاتەکە گۆشەگیرییەکەی دەشکێنێت و بۆ یەکەمجار لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەیەوە، لە ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی باوکیدا بە ئاشکرا دەردەکەوێت یاخود نا.
موجتەبا خامنەیی، لە دوای هەڵبژاردنی لە ئازاری ڕابردوودا وەک جێگرەوەی باوکی، لە هیچ بۆنەیەکی گشتیدا نەبینراوە.
لەو ماوەیەشدا، سەرکردایەتیکردنی موجتەبا تەنیا لە ڕێگەی دەرکردنی ڕاگەیێنراوی نووسراوەوە بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕاپۆرتەکان دەربارەی ئاستی سەختی برینداربوونی لە هەمان هێرشدا، دژ بەیەک و ناڕوونن.
هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی تەرمەکە بۆ بەخاکسپاردنی لە شاری مەشهەد، تاران بە توندی تەنراوە بە ڕێوشوێنی ئەمنیی چڕ. بەردەوامیی غیابی ڕێبەرە نوێیەکە، پرسیارێکی زۆری لای چاودێران دروست کردووە کە ئایا دۆخی تەندروستی چۆنە؟ نەبوون و بەشدارینەکردنی ڕێبەر ڕێوشوێنێکی ئەمنیی توندە لە ترسی هێرشکردنە سەری یاخود نا؟
شیکەرەوەکان لەبارەی دەرکەوتنی موجتەبا خامنەییەوە ڕایانگەیناند، دەرکەوتنی لە ڕۆژانی داهاتووی پرسەکەدا، تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ شەرعییەتی گشتیی خۆی و توانای بەڕێوەبردنی وڵات.
لە کاتێکدا، بەردەوامبوونی دیارنەمان و دەرنەکەوتنی، دەنگۆ و گومانەکان لەسەر قووڵیی ئەو قەیرانە ئەمنی و تەندروستییە زیاتر دەکات کە بەرۆکی سەرکردایەتیی نوێی ئێرانی گرتووە.
ڕۆژی هەینی، ڕێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی لە تاران دەستی پێکرد، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 4 مانگ بەسەر کوژرانیدا لە یەکەم ڕۆژی شەڕەکەدا.
لە بەرەبەیانەوە، بەشداربووان کە زۆربەیان جلی ڕەشیان پۆشیوە، ڕوویان لە شوێنی ڕێوڕەسمەکە کردووە، پێش ئەوەی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران لە دەوروبەری کاتژمێر 06:00ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ، دەستپێکردنی فەرمیی ڕێوڕەسمی نیشتمانیی بەڕێکردنی تەرمەکە ڕابگەیەنێت.
بڕیارە ڕێوڕەسمەکە 6 ڕۆژ بخایەنێت و لە عێراقیش هاوشێوەی بۆ ڕێکبخرێت، پێش ئەوەی تەرمەکە لە شاری مەشهەد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران بە خاک بسپێردرێت.
هاوکات لەگەڵ عەلی خامنەییدا، 4 ئەندامی خێزانەکەشی کە لە هەمان هێرشدا کوژران، بەڕێدەکرێن، کە یەکێکیان هاوسەری موجتەبای کوڕیەتی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی مۆڵەتدان بە ئێرانەوە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی مۆڵەتی هەفتەیەکی بە ئێران داوە بۆ ڕێوڕەسمی پرسەی عەلی خامنەیی، ئەوەش وەک خۆی دەڵێت "لەپای بەزەیی و میهرەبانی".