
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاندووە کە لە هەڵمەتێکدا مەفرەزەکانیان چوونەتە بەنزینخانەکان و دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەدا گرتووە کە لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزیندا لەلایەن شۆفێرەکانیانەوە بەجێهێڵدرابوون.
ئەم هەڵمەتەی مەفرەزەکانی هاتووچۆی سلێمانی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتیدا بەڕێوەچووە، لە کاتێکدا لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری شۆفێرانیان کردبووەوە کە ئۆتۆمبێلەکانیان لە نۆرەی بەنزیندا بەشەو بەجێنەهێڵن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.
هەڵمەتەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئەمشەو بۆ ڕێکخستنەوەی نۆرەی بەنزینخانەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئاستەنگ جێبەجێکراوە. تەواوی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە نۆرەدا بەجێهێڵدرابوون بەپێی جۆریان ڕێکاریان بەرامبەر گیراوەتەبەر؛ بێسەرەتاکان دەستیان بەسەردا گیراوە و نێردراونەتە گەراجی دەستبەسەرداگرتن، ئۆتۆمبێلە فەرمییەکانیش سزای دارایی تۆمارکراویان بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر هۆشداری تەواو بە شۆفێران درابوو.
پاڵاوگەى فۆکس: ڕۆژانە نزیکەى یەک ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدەھێنین
سێ کەشتی کە بەنزینیان بۆ عێراق بارکردووە گەیشتوونەتە بەندەرەکانى سووریا