ئەگەر ئەم نەخۆشییەی جگەرت هەبێت ئەوا لەوانەیە دەوالیی گەدە و سوورێنچکیشت هەبێت

گران جاف
د. هۆشمەند ڕەحمان ئەسعەد، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و هەناوبینی
د. هۆشمەند ڕەحمان ئەسعەد، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و هەناوبینی

دەوالیی گەدە و سوورێنچک حاڵەتێکە تێیدا خوێنهێنەری بەشی خوارەوەی سوورێنچک و بەشی سەرەوەی گەدە گەورەدەبێت و دەئاوسێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. هۆشمەند ڕەحمان ئەسعەد، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر و هەناوبینی، باسی لەم جۆرەی دەوالی کرد و باترین هۆکارەکانی خستەڕوو.

سەرەکیترین هۆکاری ئەم دەوالییە جگەرە

نزیکەی نیوەی ئەو کەسانەی بەمۆمبوونی جگەریان هەیە، تووشی دەوالیی گەدە و سوورێنچک دەبن.

بەمۆمبوونی جگەریش کۆمەڵێک هۆکاری هەیە لەوانەش؛ هەوکردنی ڤایرۆسیی جۆری بی و سی، تووشبوون بە مشەخۆر و خواردنەوەی کحول و چەند هۆکارێکی دیکەش.

نیشانەکانی ئەم دەوالییە چین؟

بە گشتی دەوالیی گەدە و سوورێنچک بێنیشانەیە، هەربۆیە ئەو کەسانەی بەمۆمبوونی جگەریان هەیە پێویستە پشکنینی ناوبینی بکەن، بۆئەوەی ئەگەر هەیانبوو دەستنیشان بکرێت و زوو چارەسەر بکرێت.

زۆرجار ئەم کەسانە بەهۆی خوێنبەربوونی زۆرەوە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، یان دەڕشێنەوە و خوێن لە ڕشانەوەکەیاندا دەبینن، لەوانەشە پیساییەکەیان ڕەش ببێت یان تووشی کەمخوێنی ببن بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانن.

چارەسەرەکان پشت بە گەورەیی و بچووکیی دەوالییەکە دەبەستن

ئەگەر کەسێک زوو بەم دەوالییە بزانێت و بچوکبێت، ئەوا چارەسەری هەیە و پزیشکی پسپۆڕ پێویستە بە بەردەوامی چاودێریی بکات.

ئەم کەسانە پێویستە لە خواردنەوەی کحول، خۆراکی سوێر و چەور و قەڵەویش بەدووربن، ئەمە بێجگە لەوەی کە پێویستە ڤاکسینی ڤایرۆسی جگەری جۆری بی بکەن.

ئەی ئەگەر دەوالییەکە گەورەبوو چۆن چارەسەر دەکرێت؟

هەندێجار ئەو دەوالییانەی گەورەن لەڕێگەی ناوبینییەوە چارەسەر دەکرێن، ئەگەر ئەم ڕێگەیە سەرکەوتوو نەبوو، ئەوا پسپۆڕانی تیشک شەبەکەیەک بۆ خوێنهێنەری جگەر دادەنێن و چارەسەری دەکەن، ئەگەر ئەمەش بێسوود بوو ئەوا لەوانەیە پێویست بکات چارەخوازەکە نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

هەندێجار لەوانەیە پێویست بکات چاندنی جگەریشیان بۆ بکرێت، ئەمە بێجگە لەوەی کە پێویستە بە بەردەوامی ئاگایان لە شێوازی ژیانیان بێت و بەدوور بن لە کحول، سوێری و چەوری.

گران جاف

Tue Dec 16 2025

Loading related news...