
هەوڵێک هەیە سێ هێزی هاوبەش بچنەناو جورفولسەخر.
فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەرپەرشتی هەوڵەکە دەکات.
حیزبوڵا ڕەتیدەکاتەوە جورفولسەخر جێبهێڵێت.
بەگوێرەى زانیارییەکان، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکات و هەوڵ دەدرێت بە گفتوگۆ کەتیبەکانی حیزبوڵا جورفولسەخر چۆڵ بکەن.
کەناڵ8 زانیویەتی، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، لە بەغداد چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەسەر پرسی جورفولسەخر ئەنجامداوە.
ئەو هێزە هاوبەشەی بڕیاردراوە بچێتە جورفولسەخر، بریتین لە حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدڕاڵی و پۆلیسی وزە.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەگەڵ ڕێکارەکانی حکومەتدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جورفولسەخر و ڕێگەگرتن لە بەقاچاغبردنی نەوت، بەڵام دژی بەکارهێنانی هێز و پێکدادانی چەکدارین.
ئەم هەوڵە بۆ چوونەناو جورفولسەخر لە کاتێکدایە، پێشتر دوو سەرچاوە لەناو حیزبوڵای عێراق، ڕەتیانکردەوە، پابەندی ئەو وادەیەبن، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ چۆڵکردنی جورفولسەخر دیاریکراوە.
هەر ئەمڕۆ تاڵب سەعیدی، سەرکردە لە حیزبوڵای عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فرانس پرێس گوتووە، ئەوەی خەونی پێوەدەبینن بۆ کشانەوەی حیزبوڵا لە جورفولسەخر هەرگیز بەدینایەت، تەنانەت ئەگەر بەسەر جەستە و خوێن و میراتی شەهید و بریندارەکانیاندا تێپەڕن.
دوای ئەو قسانەی سەرکردەکەی حیزبوڵا، حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، حکومەت پلانێکی بۆ پاککردنەوەی جورفولسەخر لەو لایەنانە داناوە، کە دەستدرێژی دەکەنە سەر سامانی نەوت و گوتی، نەوت و غاز موڵکی تەواوی عێراقییەکانە بە گوێرەى دەستوور.
پێشتر دوو سەرچاوەی حیزبوڵا کە قسەیان بۆ کەناڵ8 کردبوو، زەیدیان بە شکاندنی بەڵێنەکەی و پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنی سەروەری تۆمەتبار کرد و ڕایانگەیاند، بە فشاری ئەمریکا هەڵمەتی دژی حیزبوڵا دەستپێکردووە.
