
عێراق لە ڕێگەى دوو بۆرییەوە نەوت هەناردەى بەندەرى جەیهان دەکات.
بۆریى نەوتى عێراق- تورکیا لەم قۆناغەدا ڕۆژانە 120 هەزار بەرمیلى پێدا دەڕوات.
کۆمپانیاى نەوتى باکوور: بۆریی نەوتى عێراق- تورکیا 30 کیلۆمەترى بەناو هەرێمى کوردستان تێدەپەڕێت.
کۆمپانیاى نەوتى باکوور: لە بۆریى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە 450 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت
باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتى عێراق ڕایگەیاند، دواى تەواوبوونی کارەکانی چاککردنەوە، نۆژەنکردنەوە و پشکنینە تەکنیکیەکان بە سەرکەوتوویی، هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆریی کۆنی عێراق–تورکیاوە بە توانای سەرەتایی 120 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەستی پێکردەوە، کە لە داهاتوودا قۆناغ بە قۆناغ تا 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەکرێتەوە.
ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی ستراتیجیی گرنگە بۆ بەهێزکردنی توانای هەناردەکردنی عێراق.
هەنگاوێکە بۆ فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو.
سەرەڕای بەدەستهێنانی داهاتی دارایی زیاتر بۆ ئابووریی بەتایبەت کە هەناردەکردن لە ڕێگەی دەروازەی باکوورەوە دەرفەتی بەبازاڕکردنی نەوتی خاو بەبێ داشکاندنی نرخ فەراهەمدەکات.
بۆرییە نەوتەکەی عێراق، لە بەسڕەوە دەچێتە ئەنبار پاشان دەچێتە بێجى و لەوێوە دەچێتە زاخۆ.
30 کیلۆمەترى بەناو خاکى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، پاشان دەگاتە بەندەرى جەیهان.
ئەو بۆرییە تواناى هەناردەکردنى نەوتى تاوەکو یەک ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە.
ئێستا عێراق لە ڕێگەى دوو بۆرى نەوتییەوە، نەوتى خاو هەناردەى بەندەرى جەیهان دەکات، بۆرى نەوتى هەرێمى کوردستان کە رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، کە 210 هەزار بەرمیلى نەوتى کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستانە، ئەوى دیکەى زۆرینەى نەوتى بەسرەیە پاشان نەوتى کیڵگەکانى کەرکووکە.
لە ڕێگەى هەردوو بۆرییەکەوە پلان هەیە هەناردەى نەوت بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتى خاوى ڕۆژانە بەرزبکرێتەوە.
