
حکومەتى فیدراڵ گومان دەخاتە سەر ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان.
ڕاپۆرتى دروستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لەبەردەستى حکومەتى فیدراڵە.
یەکێک لە هۆکارەکانى دواکەوتنى پەسەندکردنى بودجە پشکى هەرێمى کوردستان پەیوەندى بە نەوتەوە هەیە.
ناکۆکییەکان لەبارەى نەوت و پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى 2027 بەردەوامن.
حەیدەر عەبودى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، زانیاریى و ڕاپۆرتیان سەبارەت بە بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان هەیە و دەریدەخات بڕى بەرهەمهێنانى نەوت لەو ئاستە زیاترە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى دەکات.
گفتوگۆکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەردەوامن سەبارەت بە بەرهەمهێنانى نەوت و ڕادەستکردنى داهاتە نانەوتییەکان.
لە بودجەى 2027ـدا بڕى ڕادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان بە 445 هەزار بەرمیلى ڕۆژانە دیاریکراوە.
حکومەتى هەرێمی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەکات کە بەرهەمهێنانى نەوتى ڕۆژانەیان لەو بڕەى کە لە ڕەشنووسى بودجەدا دیاریکراوە کەمترە.
عەبودى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، حکومەتى عێراق ڕاپۆرتى تایبەتى لەبارەى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لەبەردەستدایە و بەگوێرەى ڕاپۆرتەکە بڕى بەرهەمهێنانى نەوت زۆر زیاترە لەو بڕەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان باسی دەکات.
گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەو بارەیەوە بەردەوامن.
تاوەکو ئێستا گرێیەکى سەرەکییە و نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن.
گوتەبێژى حکومەتى عێراق، یەکێک لە هۆکارەکانى دواکەوتنى پەسەندکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى عێراقى بەستووەتەوە بە ناکۆکییەکان لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان و دەڵێت، هۆکارى دواخستنى پەسەندکردنى بودجەى 2027 بەشێکى پەیوەندی بە داواکارى و پشکى هەرێمى کوردستانە لە پڕۆژە یاساکە.
ئاماژەى بەوەش کرد، هەریەک لە وەزارەتەکانى دارایى و پلاندانان ئامادەکردنى ڕەشنووسى بودجەى 2027ـیان تەواو کردووە و لە بودجەکەدا بۆ یەکەم جار لە مێژووى دانانى بودجەکانى عێراقدا ڕێژەى داهاتە نانەوتییەکان بۆ نزیکەى 19% بەرز کراوەتەوە.
