
وەزارەتی کاری عێراق، دەستپێشخەرى "بیمەى کۆمەڵایەتى" بۆ ڕۆژنامەوانان و هەموو ئەو کەسانە ڕاگەیاند، کە لە میدیادا کاردەکەن بەڵام لە هەرێمى کوردستان بیمەى ڕۆژنامەوانان نییە و یاساى خانەنشینیش جێبەجێناکرێت.
ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەى تایبەتیان بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە و پشتیوانیى تەواوى پرۆژەکە دەکەن، هەروەها داوای لە دامەزراوە میدیاییەکان کردووە، "کارمەندەکانیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەستەبەر بکەن".
هاوكات، کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانى کوردستان، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان داوایکردووە بیمەى کۆمەڵایەتى بۆ ڕاگەیەندکاران دابندرێت بەڵام یاساى کار لە هەرێمى کوردستان کۆنە و ئەو داواکارییەیان جێبەجێ ناکرێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ساڵى 2004ـەوە یاساى خانەنشینى لە پەرلەمانى کوردستان دەرچووە کە دەبێت سندوقى بۆ دابندرێت بەڵام پارەى سندوقەکە ئێستا بە قەرز لاى حکومەتە کە بڕەکەى 75 ملیۆنە.
گوتیشى، 11 ڕۆژنامەوانیى خانەنشینکراو لە هەرێمى کوردستان هەیە کە مووچەى مانگانەکەیان 110 هەزار دینارە کە داوایانکردووە بکرێت بە 400 بۆ 500 هەزار دینار، هەروەها بیمەى دارایى و کۆمەڵایەتیش لە خۆدەگرێت.
لە بارەى دابەشکردنى زەوى بەسەر ڕۆژنامەوانان، کاروان ئەنوەر، گوتى، لە 2017ـەوە لیستێکیان بەیەک پاکێج بۆ وەرگرتنى زەوى ئامادەکردووە بۆ ئەوەى زەوییان پێبدرێت بەڵام تاوەکو ئێستا ڕەزامەندى حکومەت بۆ وەرگرتنى زەوى وەرنەگیراوە.
