
دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتە فیدراڵییەکان دەڵێت، داهاتی عێراق تاوەکو مانگی ئاب زیاتر لە 45 تریلیۆن دیناربووە.
داهاتەکانی عێراق 77%ـی داهاتی نەوتییە و 23%ـی داهاتی نانەوتییە.
کورتهێنان لە داهاتەکاندا نزیکەی 33 تریلیۆن و 600 ملیار دیناربووە
سوزان عەبدوڵا، سەرۆکى دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتە فیدراڵییەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، تاوەکو 31ـی ئابی 2026، داهاتەکان گەیشتوونەتە 45 تریلیۆن و 355 ملیار دینار.
لەو بڕە 35 تریلیۆن و 756 ملیار دینار داهاتی نەوتی بووە.
بەڕێژەى 77% و تەنیا 10 تریلیۆن و 629 ملیاری داهاتی نانەوتی بووە، بەڕێژەى 23%. .
کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە 78 تریلیۆن و 900 ملیار دینار.
لەو بڕەش 75 تریلیۆن و 800 ملیار دینار کۆی خەرجی بەکاربردن و بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و مووچەی فەرمانبەران بووە.
سێ تریلیۆن و 100 ملیار دیناریشی خەرجی وەبەرهێنان بووە.
بەوجۆرەش کورتهێنان لە داهاتەکاندا بە نزیکەی 33 تریلیۆن و 600 ملیار دینار بووە، کە حکومەت لەڕێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی دەرکردنی قەواڵەکانەوە پڕی کردووەتەوە.
