هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا؛ دوو ساڵی داهاتووی کۆشکی سپی و چارەنووسی پلانەکانی ترەمپ یەکلایی دەکاتەوە

یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا. فۆتۆ: AP
یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا. فۆتۆ: AP

پووختەی هەواڵەکە

  • 3ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی نیوەخول لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.

  • هەڵبژاردن بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەدەچێت .

  • هەڵبژاردن بۆ 35 کورسی لە ئەنجوومەنی پیران دەکرێت.

  • بردنەوەی یەکێک لە ئەنجوومەنەکان لەلایەن دیموکراتەکانەوە کاری ترەمپ قورس دەکات.


تەنیا چەند ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنی نیوەخول لە ئەمریکا ماوە و دەکرێت دەنگی دەنگدەران بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر ئەو ماوەیە هەبێت کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ماوە.


ورد و درشتی هەڵبژاردنەکان

  • لە 3ـی تشرینی دووەمدا، ئەمریکییەکان ئەندامانی کۆنگرێس هەڵدەبژێرن کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران پێکهاتووە.

  • هەڵبژاردن لە ئەمریکا هەمیشە هەموو دوو ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێت و کاتێکیش لە نیوەی خولێکی سەرۆکایەتییدا بەڕێوەدەچێت، بە هەڵبژاردنی نیوەخول ناودەبرێت.

  • یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی کۆنگرێس ئەوەیە یاسا فیدراڵییەکان کە لە تەواوی ئەمریکادا جێبەجێدەکرێن، دادەڕێژێت.

  • ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەخول دیاری دەکات کام پارتی سیاسی لە کۆنگرێسدا باڵادەست دەبێت، کۆمارییەکان بە سەرۆکایەتیی ترەمپ یان دیموکراتەکان کە ئۆپۆزسیۆنن.

  • ئەوەش دەستنیشان دەکات سەرۆک تا چەند دەتوانێت بە ئاسانی پلانەکانی جێبەجێ بکات.

  • هاوکات ئەنجامەکان وەک پێوەرێکی ڕەزامەندی گەلی ئەمریکا لەبارەی ئەدای سەرۆک لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییدا، سەیر دەکرێن.

کێ هەڵدەبژێردرێت؟

تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە باڵی خوارەوەی کۆنگرێسە و 435 ئەندامی هەیە، هەڵدەبژێردرێن. ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ماوەیەکی جێگیری دوو ساڵە خزمەت دەکەن. بەگشتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاساکان پێشکەش دەکرێن و گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و تاوتوێ دەکرێن.

ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دیموکراتەکان 214 کورسی و کۆمارییەکان 219 کورسییان هەیە. بۆ ئەوەی نیوە کۆ یەکت لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێت، پێویستت بە 218 کورسییە.

لە کۆی 100 کورسی ئەنجوومەنی پیران کە باڵی سەرەوەی کۆنگرێس یان ئەنجوومەنی باڵا ناودەبرێت، هەڵبژاردن بۆ 35 کورسی بەڕێوەدەچێت. ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران یان سیناتۆرەکان شەش ساڵ خزمەت دەکەن. بێجگە لە ئەرکەکانی دیکەیان، سیناتۆرەکان پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی ئەو پڕۆژەیاسایانەیان لە ئەستۆدایە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ئاڕاستەیان دەکرێت.

ئێستا لە ئەنجوومەنی پیران، دیموکراتەکان 45 کورسی و کۆمارییەکان 53 کورسییان هەیە، دوو ئەندامیش سەربەخۆن. بۆ ئەوەی نیوە کۆ یەک لە ئەنجوومەنی پیران هەبێت، پێویستت بە 51 کورسییە.

حاکمی ویلایەتەکانیش دیاری دەکرێن

لە هەمان ڕۆژی هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا، لە ڕووبەرێکی فراوانی ئەمریکادا دەنگدەران حاکمی ویلایەتەکانیش هەڵدەبژێرن. هەڵبژاردنی حاکمەکان لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، فلۆریدا، جۆرجیا و میشیگن لە گرنگترین ویلایەتەکانن.

ئابووریی ئەمریکا بابەتێکی گرنگە بۆ زۆرینەی دەنگدەرانی ئەمریکا کە لە شەڕی دەستەویەخەدان لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی هەریەک لە سووتەمەنی، خۆراک، خانووبەرە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە هەڵاوسان، لە سەرووی ئەو ئاستەدا ماوەتەوە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئامانجی بوو، بریتییە لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی شوباتی ڕابردوودا.

دۆخی ئابووری و هەڵبژاردەکان

هاوکات دیموکراتەکان باوەڕیانوایە سیاسەتی ترەمپ دژ بە وڵاتانی دیکە لەبارەی باجی گومرگیی، نرخی کاڵا و پێداویستییەکانی بۆ ئەمریکییەکانیش بەرز کردووەتەوە. کۆچ و کۆچبەریی بابەتێکی دیکەی گرنگە بەلای دەنگدەرانەوە. کۆمارییەکان دەڵێن ترەمپ بەڵێنەکەی ساڵی 2024ـی بردووەتە سەر، ئاسایشی سنوورەکانی بەهێز کردووە و ڕووبەڕووی کۆچی نایاسایی بووەتەوە.

کۆنگرێس لەگەڵ سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی دادوەری بەشێکە لە سێ دەسەڵاتەکەی حکومەت. بەدەستهێنانی زۆرینەی کۆنگرێس، لە داڕشتنی یاساکاندا گرنگییەکی زۆری هەیە. ئێستا هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران لەژێر کۆنترۆڵی پارتی کۆمارییدان. زۆرینەبوونی کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجوومەنەکە بە جیاوازییەکی کەمە. کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران 218 کورسییان هەیە کە لانیکەمی زۆرینەبوونە و ئەندامێکی سەربەخۆشیان لەگەڵدایە. هاوکات لە

خاوەنی زۆرینە سیاسەتی ئەمریکا دادەڕێژێت

ئەنجوومەنی پیراندا 53 کورسییان هەیە. گۆڕینی کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران تەنیا بەوە ڕوودەدات دیموکراتەکان 51 کورسی بەدەستبهێنن. بەڵام ئەگەر هەردوولا یەکی 50 کورسی ببەنەوە، ئەوا لە کاتی یەکسانبووندا، دەنگی یەکلایکەرەوە دەبێتە دەنگی جێگری سەرۆک کە لە ئێستادا کۆمارییە. ئەگەر دیموکراتەکان کۆنترۆڵی لانیکەم یەکێک لە ئەنجوومەنەکان بگرنەوە دەست، دەتوانن پڕۆژەیاساکانی خۆیان بخەنە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنەکەوە.

دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نیوەخول لە ڕابردوودا بەگشتی مەیلیان بەرەو سزادانی پارتەکەی سەرۆک و دەنگدان دژی ئەوان بووە. دوایین ڕاپرسییەکان، ئاماژە بەوە دەکەن ئەدای سەرۆک تەنیا لەلای ڕێژەیەکی کەم لە دانیشتوان پەسەندە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی سلڤەر بوڵەتن کە سەرچاوەی ڕاپرسییەکان پێکدەهێنێت، ترەمپ کە خولی دووەمی سەرۆکایەتیی بە ڕێژەیەکی کەمێک لەسەروو 50%ـی پەسەندیی دەستپێکردووە، لە سەرەتای تشرینی یەکەمدا رێژەکە بۆ نزیکەی 37% دابەزیوە و 61% ئەدای ناوبراو پەسەند ناکەن.

ئاڵنگارییەکانی بەردەم ترەمپ

ئەگەر دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران یان ئەنجوومەنی پیران ببەنەوە، تێپەڕاندنی هەر یاسایەک لە کۆنگرێس بۆ ترەمپ قورس دەبێت. بەمشێوەیە پلانەکانی لە سیاسەتی ناوخۆدا تووشی ئاستەنگ دەبنەوە. بەڵام ترەمپ بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە بەشێکی بەرفراوانی پارتەکەی، ڕێگەیەکی بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات دۆزیوەتەوە.

کۆنترۆڵکردنی هەردوو ئەنجوومەنەکە لەلایەن دیموکراتەکانەوە، بە مانای ئەوەش دێت کە دەتوانن لیژنەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە رەهەندە جیاوازەکانی سەرۆکایەتیی ترەمپ بەکاربهێنن. هاوکات لە ناو پارتی دیموکراتدا مشتومڕێک لەبارەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە دەسەڵات هەیە. بەڵام ئەگەر کۆمارییەکان باڵادەستییان لە کۆنگرێس بپارێزن، ترەمپ دەتوانێت لەو ماوەیەدا کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی ماوەتەوە، لە کارەکەی بەگوێرەی پلانەکانی بەردەوام بێت.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

هاوڵاتییەکى ئەمریکى بە ڕەچەڵەک میسڕى لە دەرگاى ئەنجوومەنى پیران دەدات

محەمەد عەلی

Fri Oct 30 2026

Loading related news...