
دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا ترسیان هەیە خۆپیشاندانەکان هەموو شەممەیەک دووبارە ببنەوە
بانگەشەی خۆپیشاندان لە شەودا ترسی تاڵانی بڕینی دووکانەکانی زیاتر کردووە
دوای ئەوەی هەفتەکانی ڕابردوو زنجیرەیەک خۆپیشادان و ئاڵۆزی لە شارە جیاوازەکانی فەڕەنسا بەڕێوەچوون، دۆخەکە سەریکێشا بۆ تاڵانی و بڕینی بازاڕ و دووکانە بازرگانییەکان، مەترسیی هەیە لەمەولا هەموو شەممەیەک ئەم دیمەنانە دووبارە ببنەوە و ئەم شەممەیەش کە هاوکاتە لەگەڵ جەژنی بەناوبانگی هاڵۆوین، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا هۆشداری دەدەن و ناویان لێناوە "شەممەی مەترسیدار".
بۆ ئەم شەممەیە 70 هەزار پۆلیس و هێزی ئەمنی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوەدەکەینەوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکان، کە هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگەکانی هالۆوین، ئەمەش لەکاتێکدایە هۆشداری و بانگەواز بۆ توندوتیژی و تاڵانکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تادێت زیاتر دەبن.
31ی تشرینی یەکەم مەترسییەکی زۆر بۆ سەر ئاسایشی گشتی دروست دەکات و بە توندترین شێوە لەگەڵ هەر کردەوەیەکی نایاسایدا مامەڵە دەکەین.
وەزیرەکە هۆشدارییەکانی لەسەر ئەو گردبوونەوانە چڕکردەوە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان لە کاتژمێر هەشتی شەوەوە دەست پێبکات.
خۆپیشاندانی شەوان دەرفەتێک دەدات بەوانەی کە بە دوای تاڵانکردن و برینی دووکانەکان و سووتاندنی شوێنەکاندا دەگەڕێن، کە سوود لە تاریکیی شەو وەربگرن و کاری هێزە ئەمنییەکان قورس بکەن.
ئەمجارەش وەک هەموو جارەکانی دیکە، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا چەپە توندڕەوەکان و تۆڕە ئۆنلاینەکانی سەر بە بزوتنەوەی هێلەک زەردەکانیان تۆمەتبارکرد بە هاندان بۆ نائارامی و تاڵانکاری و تێکدانن.
جەختیان لەوەش کردەوە، ئەمجۆرە لە خۆپیشاندان قەدەغەیە و سەرپێچیکاران بەزۆر بڵاوەیان پێدەکرێت و دەستگیر دەکرێن.
دەزگا ئەمنیەکانی فەرەنسا تەنیا ڕێگە بەو خۆپیشاندانانە دەدەن کە لە ناوچەی ڕێگەپێدراو بەڕێوەدەچن، لە دەرەوەی ناوەندی شارەکان، بەو مەرجەی ڕێکخەرانی مەرجەکانی پاراستنی ئاشتی و ڕێکوپێکیی گشتی دابینبکەن.
هەروەک ڕێوشوێنی توند بۆ پاراستنی دووکان و ناوەندە بازرگانییەکان دەگیرێتەبەر، بۆ ڕێگریکردن لە تاڵانکردنیان.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، شەممەی ڕابردوو 410 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد، لەکاتێکدا ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە باس لە ئامادەبوونی زیاتر لە 600 هەزار کەس دەکەن، سەندیکای کرێکاران و خوێندکاران داوای بەشداریی زیاتریان کردووە بۆ ئەم شەممەیە و مانگرتنی سەرتاسەریش لە ڕۆژی 5ی تشرینی دووەمەوە ڕادەگەیێنرێت.

