
ڕووسیا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆسەر پاڵاوگەکانی نەوتی وڵاتەکەی دەستیپێکردووەتەوە.
تاوەکو ئێستا ئۆکرانیا ئەو هێرشانەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی ڕووسیا بۆ پرسەکانی وزە، بە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند،ئۆکرانیا ئاگربەستەکەی شکاندووە و دەستیکردووەتەوە بە هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزە.
لە شەوێکدا هێرش کراوەتە سەر چەندین پاڵاوگەى نەوتی ڕووسیا.
سێ پاڵاوگەی نەوت و وێستگەیەکی گاز و پیترۆکیمیاییەکان لە هەرێمی سامارا کراونەتە ئامانج.
هێوربوونەوەیەکمان هەبوو کە ماوەیەکی دیاریکراوی خایاند، بەڵام ئەمڕۆ هێرشەکان بۆسەر پاڵاوگەکانی نەوت دەستیانپێکردەوە.
ئەم دیمانانە لە کەناڵەکانی تێلیگرامی ڕووسیا بڵاوکراونەتەوە، بەگوێرەى دیمەنەکان، دوکەڵ لە چەندین پاڵاوگەی نەوت لە هەرێمی سامارا لە ڕووسیا بەرزدەبێتەوە، ئەمەش دوای هێرشێکی درۆنیی ئۆکرانیا دێت لە شەو و بەرەبەیاندا.
ماوەی چەند هەفتەیەک بوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، فشاری دەخستە سەر کیێڤ بۆ ڕاگرتنی ئەم جۆرە هێرشانە، کە بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەزانن، ترەمپ لە مانگی تشرینی یەکەمدا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕێککەوتنێکی ئەنجامدا بۆ سوککردنی سزاکانی سەر مۆسکۆ لە بەرامبەر ناردنی گازوایلی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، دواتریش ئاگربەستی وزەی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕاگەیاند، کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بێئاگایی خۆی لەو ئاگربەستە ڕاگەیاند، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر ڕووسیا پێوەی پابەندبێت، ئەمانیش هێرش ناکەنە سەر کەرتی وزەی ئەو وڵاتە.

