لە ئیتاڵیا مانگرتن و خۆپیشاندان دژی گرانیی بژێویی بەڕێوەدەچێت

پووختەی هەواڵەکە

  • یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە ئیتاڵیا، دژی گرانبوونی بژێویی ژیان مانگرتنی گشتی ڕێکدەخات.

  • بزووتنەوە خوێندکارییەکانیش بەشداری لەو چالاکییانەدا دەکەن کە لە زیاتر لە 50 پارێزگای وڵاتەکە بەڕێوە دەچن.

  • بەهۆی توندوتیژییەکانەوە لە خۆپیشاندانەکاندا، لە ژمارەیەک شاری ئیتاڵیا، هێزە ئەمنییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان.


لە مانگرتنە گشتییەکەدا کە یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران ناسراو بە (یو ئێس بی) ڕایگەیاندووە، چالاکییەکان زیاتر لە بەردەم وێستگەکانی شەمەندەفەر و بەندەرەکاندا بەڕێوەدەچن و پێشبینی دەکرێت، مانگرتنەکە کاریگەریی لەسەر چەندین کەرتی جیاواز لەوانە؛ پەروەردە، تەندروستی و گواستنەوە دروستبکات.


لە ئیتاڵیا چی دەگوزەرێت؟

  • ماتیۆ سالڤینی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری گواستنەوە، فەرمانی بە ڕێگری کردن لە مانگرتن لە کەرتی گواستنەوەدا کرد.

  • بەڵام یەکێتی سەندیکاکان داوای لە کارمەندانی ئەم کەرتی گواستنەوەیە کرد، بەشداری لە مانگرتنەکەدا بکەن.

  • پێشبینی دەکرێت دە هەزار کەس، لەنێویاندا کرێکاران، خانەنشینان، خوێندکاران، داکۆکیکاران لە مافی نیشتەجێبوون و لایەنگرانی فەڵەستین، بەشداری لە مانگرتن و ڕێپێوانەکاندا بکەن.

  • جگە لە خۆپیشاندانەکانی نێو گۆڕەپانەکان، لە هەریەک لە بەندەرەکانی وەک جەنەوا، تریێستە، لیڤۆرنۆ، ڕاڤێنا و چیڤیتاڤیکیا، چالاکی و ناڕەزایەتی دژی هەناردەی چەک، بەڕێوەدەچن.

ڕاگەیێنراوێکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران:

  • ئەم چالاکییە دژی ئابووریی جەنگە کە حکومەتی میلۆنی سەپاندوویەتی.

  • دژی گرانبوونی بژێوی ژیانە، کە بڕستی لە خەڵک بڕیوە و دژی ئەو سەرکوتکارییانەن بۆسەر گەنجان و کرێکاران بەڕێودەچێت کە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ژیان ڕێک دەخەن.

رێکارەکانی حکومەتى ئیتاڵیا

پاش توندوتیژی و تاڵانکارییەکان لە خۆپیشاندانەکانی 17-18ـی تشرینی یەکەمدا، بەتایبەت لە میلانۆ، مانگرتن و چالاکییەکان وەک تاقیکردنەوە و ئاڵنگاریی بەردەم هێزە ئەمنییەکان تەماشا دەکرێن.

حکومەتی هاوپەیمانیی ڕاستڕەو، بە سەرۆکایەتی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیران لەپێناو پاراستنی ئاسایش دژی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەکاندا، لە 20ـی تشرینی یەکەمدا، فەرمانێکی نوێی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەوڕێگەیەوە سزاکانی تایبەت بە مێردمنداڵان توندتر کران، پێناسەیەکی نوێی تاوان بە ناونیشانی پەنابردن بۆ توندوتیژی لە خۆپیشانداندا دانرا.

بڕیارە مانگرتن و چالاکییەکان بە دێژایی ڕۆژی هەینی تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بن.

ماتیۆ پیانتیدۆسی، وەزیری ناوخۆی ئیتاڵیا، بەر لە چالاکییەکان لەگەڵ پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانی پۆلیس کۆبووەوە و دڵنیایی دا لەوەی، زۆرترین پشتگیری بۆ کارمەندانیان دابیندەکەن.

زانیاریی زیاتر بۆ تۆ

محەمەد عەلی

Fri Oct 30 2026

Loading related news...