جورفولسەخر، دەوڵەتێک لەناو دەوڵەتدا.
ئەو شوێنەى ساڵانێکە دەستى دەسەڵات و چاوى میدیاى لێ دووربوو.
دەروازەکانى بە ڕووى میدیاکاندا کرایەوە.
کەناڵ8 وەک یەکەم میدیاى کوردى بە یاوەرى شاندێکى ئەنجوومەنى نوێنەران چووە ناوچەکە.
کامێراى کەناڵ8 بەناو جورفولسەخر دەگەڕێت، 12 ساڵە ئەم شوێنە نهێنییەک بوو هیچ حکومەتێک بوێرى نەبوو خۆى لە قەرەى بدات.
لە ڕێوشوێنێکى ئەمنى و سەربازیدا، سەردانى ئەو شوێنانەى کرد.
گومانى بە قاچاخبردنى نەوتى لێدەکرا.
دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانى کەتیبەکانى حیزبوڵا لە ناوچەکەدا کرد.
پەرلەمانتاران دەڵێن، ئامانجى سەردانەکەیان بۆ نەهێشتنى گومانەکان و ئەو هەڵمەتە میدیاییە بوو کە لەسەر ناوچەکە هەبوو.
پەرلەمانتارێکى شاندەکە: پڕۆژەیەکى ئەمریکى - ئیسرائیلى هەیە بۆ ناشرینکردنى بەرەى مقاوەمە.
ئەوان بۆیان دەرکەوت هیچ قاچاخچێتییەک و کارگەیەک لە جورفولسەخر نییە.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە چوارچێوەى پڕۆسەى کۆنتڕۆڵکردنى چەک، ڕیسکەکەى کرد و لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى ڕەوانەى جورفولسەخر کرد، دواى کەمتر لە 24 کاتژمێر و ڕاپۆرتە هەواڵگرییانەکان لە بارەى پڕۆسەى بە قاچاخبردنى نەوت، بە فەرمانى زەیدى نۆ بەرپرسى ئەمنى و هەواڵگرى و کارگێڕى پارێزگاى بابل دوورخرانەوە و ڕەوانەى دادگا کران.
شاندەکەى ئەنجوومەنى نوێنەران دواى بەسەرکردنەوەى ناوچەکە و کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى حیزبوڵا، لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا، ڕەخنەى لە بڕیارەکانى عەلى زەیدى گرت و بڕیارەکانى بۆ دوورخستنەوەى لە فەرماندە باڵاکان بە ستەمکارانە ناوبرد، تۆمەتباریشى کرد بە تێکەڵکردنى دۆسیە ئەمنى و سیاسییەکان.
عەلى زەیدى دوا بڕیارى خۆى لە بارەى جورفولسەخر داوە و هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون لە ناوچەکە بڵاوببنەوە.
بە گوێرەى نووسراوێک کە لە لایەن نووسینگەى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە، سوپا و حەشدى شەعبى لە چەند ناوچەیەک جێگیر دەکرێن.
هێزەکانى پۆلیس کۆنتڕۆڵى سەنتەرى شارەکە دەکەن و پۆلیسى وزەش ئەرکى پاراستنى بۆرییەکانى نەوت وەردەگرن.
لە لایەکى دیکەشەوە، یاسر مالیکى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لەمیانەى پێشکەشکردنى وتەیەکدا لە کاتى میوانداریکردنی لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد، وەک وەزارەتى ناوخۆ چاودێریى هەموو جوگرافیاى وڵات دەکەن و لە هەر شوێنێکى عێراق بەقاچاخبردنى نەوت هەبێت ڕێگریى لێ دەکەن.
هاوکات لیژنەى باڵاى چاکسازى کەرتى ئەمنى، بە سەرۆکایەتیی عەلى زەیدى کۆبووە و جیاواز لە قسەى لیژنە پەرلەمانییەکە، بڕیار لە ژمارەیەک ڕێکار بۆ سامانى وڵات درا، لەوانەش وەرگرتنى ئەرکى بەرپرسیارێتى هێڵى نەوتى جورفولسەخر لە لایەن پۆلیسى وزە و گۆڕینى هێزە مەیدانییەکان بە هێزى دیکە کە فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان دیارى دەکات، هەروەها بڕیاردرا لێکۆڵینەوەکانى حکومەت لە بارەى سەرپێچییەکانى سەر بۆرى نەوت بدرێتە دادگا بۆ گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایی لە بەرامبەر سەرپێچیکاران.
چاوەڕوان دەکرێت، هەنگاوە کردارییەکانى سەرۆکوەزیران، تاوەکو هەینى داهاتوو، گۆڕانکاریی لە دۆخى ئەمنى و سەربازیى جورفولسەخردا بکەن، بەڵام تاوەکو ئیستا کەتیبەکانى حیزبوڵا بە فەرمى ئامادەییان بۆ دەستبەرداربوون لە جورفولسەخر پیشاننەداوە، کە 12 ساڵە وەک ناوچەیەکى ئەمنى قەدەغەکراو کۆنتڕۆڵیان کردووە.
