پلانی بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکان لە جورفولسەخر پەسەند کرا

پووختەى هەواڵ

  • فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پلانى بڵاوەپێکردنى هێزەکانى لە جورفولسەخر بڵاوکردەوە.

  • جورفولسەخر بەسەر چەندین ناوچەدا دابەشکراوە و هەر ناوچەیەک لەلایەن هێزێکەوە دەپارێزرێت.

  • فالح فەیاز پێشنیازى کردووە ناو جورفولسەخر بە هێزەکانى ئەوان بسپێردرێت.


نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕێنمایی دا بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی یەکەکانی سوپا، پۆلیس و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناحیەی جورفولسەخر هاوکات سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی پێشنیازی کرد ئاسایشی کەرتەکە بە هێزەکانی ئەوان بسپێردرێت و بۆرییە نەوتییەکانیش لەلایەن پۆلیسی وزەوە بپارێزرێن.

بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن عەبدولئەمیر شەمەری بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەرچووە، ئاماژە بەوەدەکات "پشتبەست بە نووسراوە فەرمییەکانی ژمارە (1954) لە ڕێکەوتی 15ـی تشرینی دووەمی 2026، ژمارە (7842/26) لە ڕێکەوتی 16ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پلانی جێگیرکردن و دابەشکردنی هێزە ئەمنییەکانی لە جورفولسەخر – جورفولنەسر- پەسەند کردووە.


وردەکاریى بڵاوەپێکردنى هێزەکان:

  • وەزارەتی بەرگری: لیوای 38ـی فیرقەی 10 ساترى "یا حوسێن" تاوەکو دەگاتە چوارڕێیانی (فازڵییە) و سنووری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنبار دەگرێتە ئەستۆ.

  • وەزارەتی ناوخۆ: لیوای 17ـی پۆلیسی فیدراڵی بەرپرسیار دەبێت لە سەنتەری ناحیەى جورفولسەخر، لە ڕووباری فوراتەوە لە ڕۆژهەڵات تاوەکو دەگاتە ڕێگای (موسەیب - فازڵییە) لە ڕۆژئاوا.

  • دەستەی حەشدی شەعبی: لیواکانی (72 و 79) ڕێگای (موسەیب - فازڵییە) کە لە ڕۆژهەڵاتەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکو سنووری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەربەلا دەگرنە ئەستۆ.

  • پۆلیسی وزە: فەوجێکی پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی بۆرییە نەوتییەکانی ئەو کەرتەی پێ دەسپێردرێت.

  • بازگە ئەمنییەکان: خاڵێکی پشکنینی سەر بە پۆلیسی بابل لە چوارڕێیانی (فازڵییە) بەرەو قەزای موسەیب دەکرێتەوە، هەروەها خاڵێکی دیکەی پشکنینی سەر بە پۆلیسی ئەنبار بەرەو ناحیەی (عامرییەی فەلوجە) دەکرێتەوە.

  • کردنەوەی ڕێگاکان: ڕێگای (موسەیب - بەهبەهانی - چوارڕێیانی فازڵییە - عامرییەی فەلوجە) بە ڕووی هاتووچۆی هاوڵاتییاندا دەکرێتەوە.

  • هێزی یەدەگ: فەوجی دژەتیرۆر کە لە سەربازگەکەدا جێگیر بووە، وەک هێزێکی یەدەگی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە کەرتەکەدا کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی لەناکاو.

پێشنیازەکەی فالح فەیاز

لای خۆیەوە، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ چوارشەممە، پێشنیازێکی سەبارەت بە دابینکردنی ئاسایشی کەرتی جورفولسەخر – جورفولنەسر- پێشکەش کرد.

ناوەڕۆکى پێشنیازەکە:

  • پێشنیاز دەکەین کە ئاسایشی کەرتی جورفولسەخر – جورفولنەسر- لەلایەن پێکهاتەکانی ئێمەوە (لیوای 72، لیوای 79 و فەوجی هێزە تایبەتەکان / ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی) دابین بکرێت.

  • پێشنیاز دەکەین بۆریی نەوتی ناو ئەو کەرتە کە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لەلایەن پۆلیسی وزەوە بپارێزرێت.

ئەم بڕیارانە لە کاتێکدان، پێشتر گرووپى حیزبوڵا ڕەتیکردەوە ناوچەکە چۆڵ بکات، بەڵام لەناو چوارچێوەى هەماهەنگییەوە نێوەنگیرى هەبوو.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ":

دوایین بڕیارى بەرپرسە ئەمنییەکانى عێراق لەبارەى جورفولسەخرەوە

Loading related news...