عەلی زەیدی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاکسازیی کەرتی ئەمنی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا چەندین ڕێکار بۆ پاراستنی سامانی عێراق بڕیاری لە بارەوە درا.
هێزی نوێ لە ناوچەی جورفولسەخر جێگیر دەکرێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراني عێراق بڵاویکردەوە ،ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی زەیدی سەرۆکایەتی یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای چاکسازیی کەرتی ئەمنی کرد، بە ئامادەبوونی وەزیرانی پەیوەندیدار و سەرۆکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و ئەندامانی لیژنەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی جێبەجێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ چاکسازیی کەرتی ئەمنی و بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک دۆسیەی پەیوەست بە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا کرا.
لە سەرووی هەموویانەوە تەواوکردنی پرۆسەی گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ، سەرەڕای پەسەندکردنی پلانە جێبەجێکارەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ پشتیوانیکردنی سەقامگیری و هێڵانەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
لیژنەکە بڕیاری دا پۆلیسی وزە ئەرکی پاراستنی بۆریی گواستنەوە لە ناوچەی جەرف نەسر بگرێتە ئەستۆ.
ئەو هێزەی ئێستا زەوییەکەی بەدەستەوەیە بگۆڕدرێت بە هێزێکی دیکە کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دیاری دەکات.
هەروەها بڕیار درا ئەو لێکۆڵینەوانەی کە حکومەت سەبارەت بە سەرپێچییەکانی سەر هێڵی گواستنەوە ئەنجامی داون، ڕەوانەی دادگا بکرێن بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران.
لیژنەکە جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی بە شێوەیەکی خولی بۆ بەدواداچوونی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی چاکسازی و سەپاندنی ئاسایش و بەدیهێنانی سەقامگیری بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و گەلەکەی بکات، هەروەها بۆ چەسپاندنی سەروەریی یاسا و بەهێزکردنی بنەماکانی لێپرسینەوە و شەفافییەت.
