
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق دەڵێت، تەکنیکی پێشکەوتوو بۆ بە قاچاخبردنی نەوت لە جورفولسەخر بەکارهاتووە.
ئیکۆ عێراق دەشڵیت، تۆڕی بۆرییە نەوتییەکان لە عێراق 8,300 کیلۆمەتر درێژدەبنەوە و لە چەند شوێنێک کونکراون.
لە عێراقدا کە قاچاخچێتی و دەستدرێژی کردنەسەر سامانە سروشتییەکان، تەکنیکی نوێی بەخۆوە بینیوە و چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە. نوێترین زانیارییەکان کە لەلایەن ڕوانگەی ئیکۆ عێراقەوە ئاشکرا کراون، پەردە لەسەر شێوازێکی ئاڵۆز و پێشکەوتووی دزینی نەوت هەڵدەماڵن؛ شێوازێک کە تێیدا بۆرییەکان کون دەکرێن و نەوت دەدزرێت، بێ ئەوەی بچووکترین پچڕان لە ڕۆیشتنی نەوتدا ڕووبدات، یان سیستمی چاودێریی گشتی پێی بزانێت.
تۆڕی بۆرییەکانی نەوت لە عێراقدا تۆڕێکی فراوانە و درێژییەکەی هەشت هەزار و 300 کیلۆمەتر دەبێت.
ئەم تۆڕە زەبەلاحە، کە بەڕێگای جۆراوجۆر و بەهێڵی ستراتیجیدا تێدەپەڕێت، هەمیشە ئامانجی سەرەکیی گرووپەکان و تۆڕی قاچاخچییەکان بووە.
ئەو شێوازانەی لەم ناوچە فراوانەدا کە تۆڕی بۆریی گواستنەوەکانی نەوتی پیادا تێدەپەڕێت، بەکار دەهێنرێن، تێکەڵەیەکە لە ڕاکێشانی نایاسایی کۆن و مۆدێرن.
بەڵام ئەوەی ئەم دواییە لە ناوچەی جورفولسەخر و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق ڕوویدا، ئاستێکی نوێی لە پیشەگەرێتیی تاوانکاری پیشان داوە.
قاچاخچییەکان لە ئێستادا پشت بە تەکنیکێک دەبەستن کە لە جیهانی پیشەسازیی نەوتدا پێی دەگوترێت کونکردنی گەرم.
ئەم تەکنیکە لە بنەڕەتدا بۆ کاری ئەندازیاری و چاککردنەوەی خێرا بەکاردێت، بەڵام لێرەدا بۆ مەبەستی تاوانکاریی قۆستراوەتەوە.
شێوازەکە بە جۆرێکە، دەتوانرێت بۆریی لاوەکی لەسەر هێڵە کارا و سەرەکییەکانی نەوت ببەسترێت، بەبێ ئەوەی پێویست بکات هێڵەکە بوەستێنرێت، یان ئاستی پەستان و ڕۆیشتنی نەوتی تێدا کەمبکرێتەوە.
ئەمەش وایکردووە ئەم لقە دزراوانە وەک دزەکردن یان کێشەیەکی تەکنیکی دەرنەکەون.
بۆرییەکان بە سەرداپۆشەرێکی توند، داخراون، کە ڕێگری دەکات لە هەر هەڵقوڵان یان دەرکەوتنی شوێنەواری نەوت لە سەر زەوی.
ئەو سیناریۆیە بەتەواوی لە جورفولسەخر و چەند ناوچەیەکی دیکەشدا دووبارە بووەتەوە و سەرنجی پشکنەرەکانی بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە.
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق، هۆشدارییەکی توند دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە، چیتر ڕێکارە تەقلیدییەکان ناتوانن سنوورێک بۆ ئەم جۆرە قاچاخچێتییە دابنێن. پاراستنی ئەم بۆرییە زەبەلاحانە پێویستی بە تێپەڕاندنی سیستمە کۆنەکان و بەستنەوەی کەرتی نەوتە بە تەکنەلۆجیا هاوچەرخەکی وەک،
سیستمەکانی چاودێریی زیرەک، بۆ پێشوەختە ئاگاداربوون لە هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی لە پەستان یان قەبارەی ڕۆیشتنی نەوت.
هەستەوەرەکانی فایبەر ئۆپتیک، کە دەتوانن هەر جووڵە یان لەرزینێکی نەخوازراو بە درێژایی هێڵەکان ئاشکرا بکەن.
تێکەڵکردنی تەکنەلۆجیای ئاسمانی و مەیدانی، بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بە کامێرای گەرمی پاڵپشت کراون، لەپاڵ گەڕانی مەیدانیی بەردەوامی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەکنیکییەکان.
ڕوانگەکە دەڵێت، ئەم پێشێلکارییە گەورانە دەریدەخەن کە پاراستنی سامانی گشتیی عێراق و ڕێگری کردن لە بەتاڵانبردنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە، تەنیا بە پشتبەستن بە شێوازی پاراستنی فیزیکی ناکرێت، بەڵکو دەبێت شۆڕشێک لە نوێکردنەوەی سیستمەکانی پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان لەسەر ئاستی سەرانسەری عێراق ئەنجام بدرێت.
