
زەیدى وەزارەتى دارایى بۆ کڕینى سیستەمى بەرگریى ئاسمانى ڕاسپارد.
ئامانج لە کڕینى سیستەمەکە پاراستنى ناوەندە ئابووریىەکانی عێراقە.
حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ دابینکردنی تەرخانکراوى دارایی بە مەبەستی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پێشکەوتوو.
بەدەستهێنانى سیستەمى بەرگریى ئاسمانى پێشکەوتوو ئامانج لێى پاراستنی ناوەندە ئابووریی و ژینگەییەکانی عێراق و دابینکردنى ئاسایشە بۆ جومگە هەستیارەکانی پەیوەست بە ئابووریی وڵات.
لە کڕینی ئەو سیستمانەدا ئەوە لە بەرچاودەگیرێت کە توانای بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و تەکنەلۆجیا سەربازییە نوێیەکانی هەبێت.
حکومەتی عێراق هەر زوو پێداویستی دەوڵەت و هێزە ئەمنییەکان و هێزە چەکدارەکانی بۆ پشتیوانی زیاتر لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا دەستنیشان کردبوو، بەتایبەت لەگەڵ پەرەسەندنی ئەو تەکنەلۆجیایانەی کە لە جەنگەکانی ناوچەکە و جیهاندا بەکارهێنراون.
چیتر گونجاو نییە بە هەمان ئەو تەکنەلۆجیایانەی 20 ساڵ لەمەوبەر بەکاردەهێنران، مامەڵە لەگەڵ جەنگەکان و ئامرازەکانیدا بکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی نەبوونی سیستمی بەرگرییەوە ناوەناوە هێرشدەکرێتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و بەو هۆیەوە کارەبایی تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەبڕدێت و زیان بە زیاتر لە شەش ملیۆن هاوڵاتی هەڕێم دەگەیەندرێت .
