
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو ڕایگەیاند، پشتگیری لە دەسەڵات ناکەم بەڵام پشتگیری ئاشتی دەکەم.
ئیمامئۆغڵو گوتیشی، پرسی کورد تەنیا بە بێدەنگبوونی چەکەکان چارەسەر ناکرێت.
ئیمامئۆغڵو ڕوو بە دەسەڵاتی تورکیا دەڵێت، چ قەدەغەیەکمان بەسەردا دەسەپێنن با بیسەپێنن.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە بەر لە دامەزراندنی پارتی نوێ و جیابوونەوە لە پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) وەک بەربژێری پارتەکە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دیارییکرابوو، لە نامەیەکدا کە لە گرتووخانەی سیلیڤرییەوە نووسیویەتی، سەرەڕای دەربڕینی پشتیوانیی بۆ پرۆسەی چارەسەری، دەڵێت: "پشتگیری دەسەڵات ناکەم، بەڵام پشتیوانیی لە ئاشتی و ئارامی دەکەم."
پرسی کورد هەرگیز تەنیا بە بێدەنگبوونی چەکەکان چارەسەر ناکرێت.
پرسی کورد هەریەک لە ناسنامە، هاوڵاتیبوونی یەکسان، هەروەها ئەوەشی تێدایە کە خەڵک نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانیان لەو شوێنانەدا ببینەوە کە بۆیان هەڵبژاردوون.
بەپێویستیشی دەزانم بڕیارەکانی دادگای دەستووریی تورکیا و دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکرێن.
ئیمامئۆغڵو لەبارەی قەدەغەی کاری سیاسیی دوواوە کە دادگای تورکیا بەسەریدا سەپاند، بێباکی خۆی لەوبارەیەوە پیشانداوە و دەڵێت: "چ قەدەغەیەکمان بەسەردا دەسەپێنن با بیسەپێنن. گەل بێدەنگ نابێت. ئاشتی بێدەنگ نابێت. خەونی وڵاتێکی دیموکرات و دادپەروەر، بەدیدێت".
نامەکەی ئیمامئۆغڵو لەکاتێکدایە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ، ئاشکرایکرد، پارتەکەیان بەشداریی لەو لیژنە پەرلەمانییەدا ناکات، کە بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا بۆ چاودێرییکردنی پرۆسەکە لە پەرلەمان پێکبهێنرێت. وەک پاساوێکیش بۆ بڕیارەکە، ئاماژە بە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی بەدیموکراسیکردن لەلایەن دەسەڵاتەوە درابوو.