
سەنگەرگۆرین نەخشەی سیاسی و ئیداری تورکیای گۆڕیوە.
لە دوو ساڵدا 120 سەرۆکی شارەوانی سەنگەریان بەرەو ئاکپارتی گۆڕیوە.
زۆرترین سەنگەرگۆڕین لە جەهەپەوە بەرەو ئاکپارتی ڕوویداوە.
سێ سەرۆکی شارەوانیی پارتی دەم سەنگەریان بەرەو ئاکپارتی گۆڕیوە.
سەنگەرگۆڕین دەنگی چوار ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەری بە ئاکپارتی بەخشیوە.
ماوەی دوو ساڵە شەپۆلێکی گەورەی سەنگەرگۆرین بۆ نێو ئاکپارتی دەسەڵاتدار دەستیپێکردووە و بەو هۆیەوە 120 سەرۆکی شارەوانیی کە نوێنەرایەتیی دەنگی چوار ملیۆن و 700 هەزار دەنگدەر دەکەن و دژی دەسەڵات بوون، ئێستا چووەتە ژێر دەستی ئاکپارتییەوە.
سەرۆکی شارەوانییەکان کە سەنگەر دەگۆڕن.
دەنگی دەنگدەران دەخەنە سەر سینییەکی زێڕین و پێشکەشی ئاکپارتی دەکەن.
لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئازاری 2024ـدا.
جەهەپە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا.
پاش 22 ساڵ شکستی بە ئاکپارتی هێنا و بووەوە بە پارتی یەکەمی تورکیا.
جەهەپە لەو هەڵبژاردنەدا 421 شارەوانی بردەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ئەو پارتە پێشتر تەنیا 263 شارەوانی لەژێر دەستدابوو.
تامی ئەو سەرکەوتنە زۆری نەخایاند.
ئۆپراسیۆنێکی فراوان و چڕ دژی شارەوانییەکانی سەربە جەهەپە ئەنجامدرا.
بەشێکیان خرانە زیندان و قەیووم لە جێگەیان دانرا.
دواتر بەشێک لە سەرۆکی شارەوانییەکانی جەهەپە، دەستیان لە پارتەکەیان کێشایەوە.
پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد.
لێرەوە پڕۆسەی سەنگەرگۆرین بەرەو دەسەڵات دەستیپێکرد.
سەنگەر گۆڕینی سەرۆکی شارەوانییەکانی سەربە جەهەپە، پاش دوولەتبوونی پارتەکە و جیابوونەوەی ئۆزگور ئۆزەل کە پارتی نوێی دروستکرد، چڕتر بووەوە.
لە 31ـی ئازاری 2024ـەوە تاوەکو ئێستا، 45 سەرۆکی شارەوانی و بریکاری سەرۆکی شارەوانیی سەربە جەهەپە، سەنگەریان لە حیزبەکەیانەوە بەرەو ئاکپارتی گۆڕیوە، ئەوە لە کاتێکدایە تێڕوانینی سیاسی و ئایدۆلۆژی ئەو دوو حیزبە، بە تەواوی دژ بە یەکن.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا شەپۆلی سەنگەرگۆڕینەکە لە تاکەکەسییەوە بووە گرووپ و تەنیا ڕۆژی 19ـی تشرینی دووەمی 2026، حەوت سەرۆکی شارەوانیی جەهەپە و دوو سەرۆکی شارەوانی دیکە پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کرد.
سەنگەرگۆڕینەکە تەنیا جەهەپەی نەگرتووەتەوە؛ لە پارتی سەرلەنوێ ڕەفاوە، 41 سەرۆکی شارەوانیی سەنگەریان بەرەو ئاکپارتی گۆڕیوە.
ئیی پارتی کە سیاسەتێکی توندی دژی دەسەڵات پەیڕەوکردووە، لەم سەنگەر گۆڕینە دوور نەبووە و 12 سەرۆکی شارەوانیی ئەو پارتە، پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کردووە.
پارتی دەم کە خاوەنی دەنگدەری دیاریکراو و هەڵوێستنە گۆڕە، بەر شەپۆلی سەنگەرگۆڕینەکە کەوت و لە دوو ساڵی ڕابردوودا، سێ سەرۆکی شارەوانیی ئەو پارتە ڕوویان لە ڕیزەکانی ئاکپارتی کرد.
هاوکات لە پارتی دەڤاوە سێ سەرۆکی شارەوانی، لە هەریەک لە پارتی دیموکرات، پارتی سەعادەت و پارتی یەکبوونی گەورە، سەرۆکی شارەوانییەک، پەیوەندییان بە ئاکپارتییەوە کردووە.
سەنگەرگۆڕین تەنیا ئاگری لە ماڵی پارتەکان بەرنەداوە؛ شەش سەرۆکی شارەوانیش کە لە هەڵبژاردنەکانی 2024 بە سەربەخۆ سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، سەنگەریان بەرەو قەڵای ئاکپارتی گۆڕی.
ئەو سەنگەرگۆرینە نەخشەی سیاسی و ئیداریی لە تورکیا گۆڕیوە و هاوسەنگی هێزی لە نێو شارەوانییەکان بە قازانجی ئاکپارتی لاسەنگ کردووە.
سەنگەرگۆڕینەکان دەریدەخات، ئەو 120 سەرۆکی شارەوانییەی چوونەتە نێو ئاکپارتی، لە هەڵبژاردنەکانی 2024ـدا چوار ملیۆن و 657 هەزار و 594 دەنگیان بەدەستهێناوە، واتە ئاکپارتی بووەتە خاوەنی بەشێکی زۆری ئەو دەنگانەی، نەیتوانی لە هەڵبژاردندا بەدەستیانبهێنێت.
ئەو سەرۆکی شارەوانییانەی سەنگەریان بەرەو ئاکپارتی گۆڕیوە، کەوتوونەتە بەر ڕەخنەی توندی میدیا و خەڵکی تورکیا و پێیان وایە، ئەو کەسانە ناپاکییان بەرامبەر دەنگدەران کردووە و لە ترسی لێکۆڵینەوە و لەبەر بەرژەوەندیی ماددی ئەو بڕیارەیان داوە.
