
ئەکسیۆس دەڵێت، ترەمپ تاوەکو ساڵی نوێ بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتوو لە جەنگی ئێراندا نادات.
ئیسرائیل فشاری گەورە لە ئەمریکا دەکات بۆ هێرشکردنەسەر ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە ئاژانسی ئەکسیۆسی ڕاگەیاندووە، تاوەکو ساڵی نوێ، بڕیار لەسەر هەنگاوی داهاتووی لە جەنگی ئێراندا نادات، لەکاتێکدا فشارەکان لە ئیسرائیلەوە لە زیادبووندان بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران.
ترەمپ لە فڕۆکەی ئێرفۆرس وەنەوە، لە کاتی گەڕانەوەی لە چینەوە بۆ ئەمریکا، بە ئاژانسی ئەکسیۆسی گوت:پەلە لە هیچ بڕیارێکدا سەبارەت بە ئێران ناکەم، دەبینین دوای دەستپێکی ساڵ چی ڕوودەدات".
لێدوانەکانی ترەمپ لەکاتێکدایە ڕووبەڕووی فشاری قورسی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئیسرائیل بووەتەوە، بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر ئێران بەزوویی.
ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لە مانگی شوباتدا، ترەمپ وتی کە بڕیاری نەداوە هێرش بکاتە سەر ئێران، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا پێشتر فەرمانی بە هێرشەکان کردبوو، هەربۆیە ئەگەر هەیە ترەمپ لە هەر ساتێکدا بیروڕای خۆی بگۆڕێت.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی ڕاگەیاندووە، لە کاتی کۆبوونەوە سێقۆڵییە مێژووییەکەیدا لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، باسی جەنگی ئێرانی کردووە و ئاشکرایکرد کە "ئەوان دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگی ئێران بێت و ئەم پەیامەش بە ئێران دەگەیەنن".
هەرچەندە بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە، ئەمریکا پێویستی بە یارمەتیی چین و ڕووسیا نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران.