
کێشە تەکنیکییەکەى ئەمریکا زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە وڵاتەکە داوە.
هێڵی ئاسمانی ئەمریکان ئەیرلاینز زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.
هەینى ڕابردوو ئاسمانى ئەمریکا بەڕووى گەشتى فڕۆکەکاندا داخرا.
چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری داخستنی ئاسمانی ئەمریکا کە 13ـی ئەم مانگە ڕوویدا، زیانی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری ئەمریکی بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بگەیێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە سێکتەری فڕۆکەوانی وڵاتەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی خۆی بە قەیراندا دەڕۆشت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکان ئەیرلاینز بە بڕی 354 ملیۆن دۆلار بەهۆی وەستانی گەشتەکانی زیانی پێبگات.
زیانەکانی کۆمپانیای دەلتا ئەیرلاینز لە نێوان 94 بۆ 244 ملیۆن دۆلارە.
یونایتد ئەیرلاینزیش لەنێوان 88 بۆ 229 ملیۆن دۆلار دەبێت.
پەککەوتنی جوڵەی فڕۆکەوانی ئەمریکا لەسەر ئابووریی وڵاتەکە چەندین ملیار دۆلار بووە.
کۆمپانیای ئەمریکان ئەیرلاینز کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، نزیکەی پێنج هەزار و 888 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشانەوە یاخود کاتەکەیان گۆڕدرا.
ئەم ژمارەیە دەکاتە 23%ـی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەو هێڵە لەو ماوەیەدا.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو بۆ ماوەی نزیکەی پێنج کاتژمێر ئاسمانی ئەمریکا بەرامبەر سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکە داخرا، بەو هۆیەوە نزیکەی 19 هەزار و 400 گەشتی ئاسمانیی کە دەچوونە بۆ فڕۆکەخانەکانی ئەمریکا یاخود لەوێوە دەڕۆشتن هەڵوەشانەوە یاخود کاتەکانیان گۆڕا.
لە 11ـى سێپتێمبەری 2001 یشەوە ئەوە یەکەمجار بوو ئاسمانی وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی ئەوەندە زۆر دابخرێت.
