
مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی گرووپی20 لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ دیداری هەبووە.
باسیان لە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ کۆبوونەوەی سەرۆکانی هەردوو وڵات لە لووتکەی ئەپێک.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، بە ئاماژەدان بە لووتکەی گرووپی هەماهەنگی ئابووریی ئاسیا و زەریای هێمن 'ئەپێک'، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە شاری شنژنی چین بەڕێوەبچێت گوتی: "ئێمە تەنیا بە کورتی باسمان لەو دەرفەتە کرد کە سەرکردەکانمان لە ئەپێک کۆببنەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە میانی کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20 لە ئەتلەنتا کۆبوونەوەیەکی فەرمیی لەگەڵ لاڤرۆڤدا نەبووە و تەنیا لە دیدارێکی کورتدا ئەو پرسەیان تاوتوێکردووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە کە دیدارێکی بەرهەمداری لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی هەبووە.
لووتکەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی20، کە وڵاتانی گەورە ئابووریی وەک، ئەمریکا، ڕووسیا، چین، هیندستان، فەرەنسا و ئەڵمانیا لەخۆدەگرێت ڕۆژی شەممە کۆتاییهات، ئامادەبوونی لاڤرۆڤ لە ئەتلەنتا گرژی و ئاڵۆزیی لە نێوان وڵاتانی ئەورووپیدا دروستکردبوو، کە بە هۆی جەنگی ئۆکرانیاوە ڕەتیانکردەوە وێنە لەگەڵ لاڤرۆڤ بگرن.
مەبەستی سەرەکیی کۆبوونەوەکەی ئەتڵەنتا زەمینەسازی بوو بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەی وڵاتانی گرووپی 20، کە بڕیارە مانگی کانوونی دووەم لە میامی بەڕێوەبچێت.
