ئاماژەکانى دەستپێکردنەوەى جەنگ بەگوێرەى ميدياكانى ئەمریکا و ئیسرائیل

چەند مانگێکە ئەمریکا و ئێران لە دۆخى نە ئاشتى نە جەنگدان
چەند مانگێکە ئەمریکا و ئێران لە دۆخى نە ئاشتى نە جەنگدان

پووختەى ڕاپۆرت

  • لەگەڵ ئەگەرى دەستپێکردنەوەى جەنگ نێوەندگیرەکانیش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە.

  • ئەنجامى هەڵبژاردنى نیوەخولى ئەمریکا چارەنووسى جەنگەکە یەکلادەکاتەوە.

  • لە ئیسرائیل نەتانیاهوو ماوەتەوە و لە سیاسەتە توندەکەى دژى ئێران بەردەوامە.


لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا و بەردەوامیی هەوڵەکانی نێوەندگیرەکان بۆ ڕێگریکردن لەو جەنگە، باسوخواسی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گەرم بووەتەوە، هاوکات دەگوترێت بەرەوپێشچوون لە هەوڵەکانی نێوەندگیرەکان بەدەستهاتووە.


کەناڵ15ـی ئیسرائیل لەسەر زارى چەند بەرپرسێکى وڵاتەکەى:

  • سوپای ئیسرائیل هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران.

  • بەرپرسانی ئیسرائیل بڕوایان وایە کە هێرشی داهاتوو بۆ سەر ئێران درێژخایەن دەبێت.

  • حیزبوڵای لوبنانیش هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێدەکاتەوە.

  • بارودۆخی ناوخۆی ئیسرائیل و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر پێشخستنی ئەو هێرشانە دەبێت بۆ سەر ئێران.

کەناڵ 14ـی ئیسرائیل:

80 فڕۆکەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی و چەندین فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکیی گەیشتوونەتە خاکی ئیسرائیل .

بەرپرسانی باڵای کەنداو بۆ میدیای ئەمریکا:

ترەمپ بەنیازە ڕۆژی 4ـی تشرینی دووەم، واتە یەک ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی نیوە خولی ئەمریکا، هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستپێبکات.

میدیاى ئەمریکا:

  • ئیدارەی ترەمپ ئەم زانیارییانەى داوە بە هاوپەیمانەکانیان لە کەنداو، تاوەکو خۆیان بۆ هێرشێکی سەربازیی کورت و چڕوپڕ ئامادە بکەن.

  • ئامانج لێی ناچارکردنی ئێرانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی یان تێکدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان.

  • وڵاتانی کەنداو هەست بە مەترسیی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکا دەکەن و پاڵپشتی لە بژاردەی ئاشتی دەکەن نەوەک جەنگ.

بەرەوپێشچوون هەیە

بە گوێرەی ماڵپەری ئەکسیۆس، کە لە سەرچاوەیەکی دیپلۆماسییەوە زانیارییان وەرگرتووە، لە دانوستانەکانی نێوەندگیرەکان لە گەڵ لایەنی ئێرانی، بەرەوپێشچوون بەدەستهاتووە، بەڵام دوو مەرج بەربەستن لەبەردەم گەیشتن بەڕێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران.

مەرجەکانیش ئەوەن کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، دەبێت ئێران سازش لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، ئەمەش کراوەتە پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.

هەرچى ئێرانە، داوا دەکات ئەمریکا سەرەتا گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت، سامانی بلۆککراوی ئازاد بکات و ڕێگەی بدات نەوت بفرۆشێت، دواتر دانوستان لەسەر پرسەکانی دیکە دەکەن.

دانوستانی ڕۆژی هەینی

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە دانوستانی ڕۆژی هەینی، نێوەندگیرە قەتەڕییەکان لەگەڵ ئێران زیاتر لە 12 کاتژمێری خایاندووە، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ڕێگە خۆش بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لە دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی بۆ ئەکسیۆس:

  • ناوبژیوانانی قەتەڕ بە درێژایی دانیشتنی ڕۆژێکی هەینی لە پەیوەندی بەردەوامدا بوون لەگەڵ کۆشکی سپیدا.

  • بڕیارە ئەمڕۆش ئەم گفتوگۆیانە لە دۆحەی پایتەختی قەتەڕ بەردەوامی پێ بدەن.

  • جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و نێردەکانی ترەمپ- ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر- ئارەزووی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەکەن.

  • ترەمپ تاوەکو ئێستاش گومانی هەیە لەوەی ئێران بە هەر ڕێککەوتنێک ڕازی بێت کە جێگەی ڕەزامەندیی ئەو بێت.

چەند وڵاتێکی ناوچەکە، لە ناویاندا میسڕ، تورکیا، عێراق، پاکستان و سعودیە، داوایان لە ئێران کردووە مەترسییەکە بە جددی وەربگرێت و ڕازی بێت بە دەستپێکردنەوەی دانوستان، بەر لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا.

بەرپرسێکی ئەمریکی گوتوویەتى "ئەگەر ترەمپ هەست بە پەراوێزخستن بکات، ڕاستەوخۆ هەنگاوی توند دەنێت، لەبەر ئەمەشە کە هەمووان بە لایەنی ئێرانی دەڵێن: باشترین هەل لە ئێستادا بۆ ئەوان گەیشتنە بە ڕێککەوتن."

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

جەى دى ڤانس: سەرۆک ترەمپ ڕێگەنادات جەنگى ئێران ببێتە جەنگێکى بێ کۆتایی

هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا؛ چارەنووسی پلانەکانی ترەمپ یەکلایی دەکاتەوە

تێچووى جەنگى ئێران بۆ ئەمریکا 47 ملیار دۆلارى تێپەڕاند

شاندێکی باڵای قەتەر گەیشتنە تاران بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە

Loading related news...