فرێدریک شۆپان.. موزیکدانەری ئەشق و سەرمەشقی ئاهەنگە زەنگینەکان

شۆپان یەکێکە لە دیارترین پیانۆژەن و موزیکدانەرەکانی قۆناغی ڕۆمانتیک، لە ئاستی باڵای شیعرییدا موزیکەکانی ناسراون، سەرداری موزیسیانە ئاشقەکان بووە، فرێدریک شۆپان.

نیکۆلاس، باوکی شۆپان، کۆچبەرێکی فەرەنسی بووە لە وڵاتی پۆلەندا، وانەبێژی هونەریی خێزانە زەنگینەکان بووە، فرێدریک شۆپان، هەر لە منداڵییەوە، ئاشنای خوێندن بووە و هاوتای خێزانە زەنگینەکان ڕۆشنبیر بووە.

لە ئاستی خێزانییدا، شۆپان، خاوەنی پاشخانێکی هونەریی گەورە بووە، بە ساوایی، کاریگەر بووە بە موزیک، لە تەمەنی شەش ساڵیدا، هەوڵیداوە، ئەو موزیکانەی گوێبیستیان بووە، بە تۆنی جیاواز دووبارەبکاتەوە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، موزیکی "Polonaise in G Minor" داناوە و لە ئاستی شاهانەییدا پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا، سەربەخۆییەکی گەورەی پەیداکردووە لە بەرەوپێشچوونی موزیک و یەکەم نمایشی خۆی لە کۆنسێرتێکی خێرخوازییدا ئەنجامداوە.

شۆپان:

  • ڕێکەوتی یەکی ئازاری 1810، لە پۆڵەندا لەدایکبووە

  • لە تەمەنی 16 ساڵیدا، دەستی بە خوێندنی موزیک کردووە بە شێوەیەکی ئەکادیمی

  • مامۆستاکەی بەناوی جۆزێف ئێلسنەر، درکی بەوە کردووە، لە ئاستی دانانەوەی موزیکی فۆلکلۆریدا، شۆپان دەستێکی باڵای هەیە و نابێت بە مەرج و پێوەرە ئەکادیمییەکان سنووردار بکرێت

  • بەشێوەیەکی ڕۆمانتیک بەردەوام بووە لە ڕەنگکردنی موزیک بە گێڕانەوە فۆلکلۆرییەکان

شۆپان خولیای گەیشتنی بە ڤیەننا کردووە، پاش گەشتێکی بەرلین، گەیشتووە بە پایتەختی خەونەکانی و لەوێ یەکەم دەرکەوتنی فەرمی و گەورەی خۆی ئەنجامداوە، ساڵی 1829، لە دووەم کۆنسێرتی هونەریی خۆیدا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە و ناوبانگەکەی لە ئاستی موزیکدانەرەکان بڵاوبووەتەوە، بەڵام دەرکەوتنی شۆپان وەکو موزیکدانەرێکی بلیمەت و بێهاوتا، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بووە.

لە پاریس:

  • پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ موزیکدانەرە دیارەکانی وەکو، فرانز لیست، هێکتۆر بێرلیۆز، ڤینچێنزۆ بێلینی و فێلیکس مێندێلسۆن پەیداکردووە

  • ئەم بازنە فراوانە لە ناسیاریی موزیکییدا، پاڵپشتییەکی گەورە بووە بۆ شۆپان تاوەکو ناوی خۆی لە ئاستی موزیکی باڵای پایتەختی کولتووریی ئەوروپا بچەسپێنێت

  • هەمووان لە ئاستی ڕۆمانتیکدا بۆیان دەرکەوت، ئاوازدانەری باڵای ئەم ڕەوتەیان بۆ پیانۆ دۆزیوەتەوە

شۆپان موزیکژەنێکی شەرمن بووە، زۆربەی موزیکەکانی لە ژووری تاریکدا ژەنیوە، لەماوەی ژیانە هونەرییە مەزنەکەیدا، تەنها 30 جار بەشێوەیەکی ئاشکرا و لەبەردەم جەماوەری گشتی موزیکی ژەنیوە، لەکاتی ئاهەنگەکاندا، داوای کردووە ڕووناکی هۆڵەکان کەمبکرێتەوە و زۆرترین ئامادەبوونیشی لە کۆبوونەوەی خانەدان و خێزانە زەنگینەکانی پاریس بووە.

لە تێکڕای ژیانە هونەرییەکەی خۆیدا، شۆپان زیاتر لە 245 کاری موزیکیی ئەنجامداوە، نۆکتۆرنەکانی لە دیارترین کارەکانی بوون، بە پیانۆ، توانیویەتی بگات بە پلەی باڵای دانان و ژەنینی موزیک، باشترین کارەکانی شۆپان بریتین لە:

  • Fantaisie-Impromptu

  • Nocturne in C Sharp minor, Op. posth.

  • Etudes, Op. 10

  • Piano Concerto No.1

  • Nocturnes Op. 9

ساڵی 1848، لە سەروبەندی دەرکەوتنی شۆڕش لە هەناوی پاریسدا، شۆپان بە دڵشکاویی بڕیاری کۆچکردنی بەرەو بەریتانیا داوە، بەریتانییەکان پێشوازییان لێکردووە، بەڵام هێندە سەرقاڵی وانەبێژیی و ژەنین بۆ ئاهەنگە قەشەنگەکان بووە، گەیشتووە بە ترۆپکی ماندوویەتی و هێزی خۆی لەدەست داوە، تەندروستییەکەی بەشێوەیەکی خراپ تێکچووە، ساڵی 1848، لە کۆتا کۆنسێرتیدا بۆ پەنابەرە پۆلەندییەکانی پاریس، ئاهەنگی گێڕاوە و بە خۆشەویستییەکی گەورەوە بۆ پیانۆ و ئەشقی ڕۆمانتیک، کۆتا ساتەکانی بەسەربردووە.

ڕێکەوتی 17ی تشرینی یەکەمی 1849، لە تەمەنی 39 ساڵیدا بە نەخۆشی سیل، کۆچی دوایی کرددوە و دڵی بەرەو پایتەختی پۆلەندا نێردراوە و لاشە بێ دڵەکەشی لە گۆڕستانێکی پاریس، نێژراوە.

حەسەن فەلاح

Tue Nov 17 2026

Loading related news...