
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد و بەفەرمی هاوردەکردنی هێلکەی خواردنی قەدەغە کرد، ئەم بڕیارەش وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و پاراستنی مافی بەرهەمهێنەران لێکدەدرێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، عەباس جەبر مالیکی، وەزیرى کشتوکاڵ ڕەزامەندیی پێویستی بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکەی خواردن بەدەستهێناوە. لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە، بڕیارێکە بەمەبەستی پاراستن و پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی دراوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەدات، ئەم ڕێکارە تووندە بەشێکە لە چوارچێوەی پلانێکی ستراتیژیی وەزارەت بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی ناوخۆیی. ئامانجی سەرەکی بریتییە لە پێشکەشکردنی هاوکاریی تەواوەتی بۆ بەرهەمهێنەرانی هێلکەی ناوخۆیی، تاوەکو بتوانن بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا ساغ بکەنەوە و ڕووبەڕووی کێبڕکێی بەرهەمی بیانی نەبنەوە.
