یانەی هەولێر: لە دهۆک هێرشى بەرنامە بۆ داڕێژراومان کرایە سەر

پووختەى هەواڵ

  • یاریی نێوان هەولێر و دهۆک بە گرژی و ئاڵۆزی تەواو بوو.

  • یانەی هەولێر ڕاگەیێنراوێکی توندی بڵاوکردەوە و داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەری پارتی دەکات لێکۆڵینەوە بکات.

  • یانەی هەولێر هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار دەکات کە دەستیان لە گرژی و هێرشەکاندا هەبووە.


یانەی هەولێر ڕایگەیاند، لە گەڕی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە لەسەر یاریگای دهۆک کرا، لە کاتی یارییەکە و دوای کۆتاییهاتنیشی، لەلایەن بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی یاریگا، هاندەرانی یانەی دهۆک و بەشێک لە ڕێکخەرانی یارییەکەوە، هێرشێکی ناڕەوا، دڕندانە و ترسنۆکانەی بەرنامە بۆ داڕێژراو کرایە سەر هاندەران، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و یاریزانانیان.


یانەی هەولێر:

  • کارەساتەکە بەوەندە نەوەستا، بەڵکو هێرش و دەستدرێژییەکان گەیشتنە ناو ژووری جلگۆڕینیش.

  • شاندی یانەکەمان و هاندەرانمان بۆ ماوەی سێ کاتژمێری تەواو لە ناو یاریگادا گەمارۆ دران و ڕێگەی دەرچوونیان لێ گیرا.

  • لە ماوەی ئەو گەمارۆدانەدا ژمارەیەک لە هاندەران دزەیان کردە ناو ژووری جلگۆڕینی یاریزانان.

  • لە ئەنجامی ئەو پەلامارە توندوتیژانەدا، سێ ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکەمان بە سەختی بریندار بوون.

  • ژمارەیەکی زۆریش لە هاندەرەکانمان بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

  • جێگەی داخە ئێمە دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک بە کەمتەرخەم دەزانین لەو بابەتەدا کە هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو لە کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە و هاندەرانیاندا.

  • هێزە ئەمنییەکانی یاریگا زۆر کەمتەرخەم بوون بەرانبەر ڕژانی خوێنی ڕۆڵەکانی شارەکەمان.

یانەی هەولێر ڕایشدەگەیێنێت کە تەواوی ئەو ڕووداوە تاوانکاری و پێشێلکارییانەی سەرەوەیان بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر و تۆماری ڤیدیۆیی ڕوون لەبەردەستدایە؛ بە ڕوونیش هەست بەوە دەکەن کە بوونی سەرپەرشتیاری ئەمنیی یارییەکە (کە خەڵکی شاری دهۆک بووە)، بێ کاریگەر نەبووە لە دروستبوونی ئەم کەشە ناهەموار و پڕ لە مەترسییە و کەمتەرخەمی لە پاراستنی گیانی میوانان و وەرزشکاراندا.

ڕێکارەکانی یانەی هەولێر:

  • ئەمڕۆ یانەکەمان بە فەرمی سکاڵای خۆی بە هاوپێچکردنی تەواوی بەڵگە و ڤیدیۆکان تۆمار دەکات.

  • یانەکەمان بە نووسراوی فەرمی داوا لە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و داوا لە لیژنەی ڕێککاریی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکەین بە شێوەیەکی جیدی، خێرا و بێلایەن لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە بکات.

  • سزای یاسایی و وەرزشیی توندی هەموو ئەوانە بدات کە دەستیان لەم هێرشانەدا هەبووە؛ چونکە خوێنی مرۆڤ و گیانی وەرزشکاران و هاندەران بەو شێوەیە هەرزان نییە کە بێ سزا و لێپرسینەوە تێپەڕێت.

جەخت دەکەینەوە کە جگە لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە هەموو دەرگا و دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکانی دیکە دەدەین بۆ بەدەستهێنانی ماف و سەندنی حەقی خوێنی ڕۆڵەکانیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کردەوە ناوەرزشی و مەترسیدارانە لە داهاتوودا.

Loading related news...