
مەسعود بارزانى و فالح فەیاز کۆبوونەوە.
فالح فەیاز پەیامى عەلى زەیدى لەبارەى بەقاچاخبردنى نەوت دەگەیەنێتە بارزانى.
ئەمڕۆ فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى، سەردانى مەسعود بارزانى کرد، سەردانەکە دواى ڕۆژێک دێت لە چوونى هێزەکانى عێراق بۆ ناوچەى جورفولسەخر، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست کەناڵ8 کەوتوون، فەیاز و بارزانى، جگە لە تاوتوێکردنى کێشەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان، چەند پرسێکى جێى بایەخى هاوبەشیان تاوتوێکردووە، بەتایبەت ئەو هەڵمەتە فراوانەى عەلى زەیدى دەستیپێکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆسەى بەقاچاخبردنى نەوت لە تەواوى عێراق.
فەیاز لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ بارزانى، کە هۆشیار زێباری و فوئاد حسێن-یش ئامادەی بوون، پەیامى عەلى زەیدى بە مەسعود بارزانی گەیاندووە، لەبارەى کۆتاییهێنان بە پرۆسەى بەقاچاخبردنى نەوت لە هەرێمى کوردستانەوە بۆ تورکیا و ئێران.
زەیدى لیژنەیەکى باڵاى بۆ بەقاچاخبردنى نەوت لە هەرێمى کوردستان و ناوچەکانى دیکە پێکهێناوە.
دەیەوێت بە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمى کوردستان پرسەکە چارەسەر بکات و نەگاتە ئەوەى هێز بنێردرێت.
هەر لەبارەى کۆبوونەوەى بارزانى و فالح فەیاز، بارەگاى بارزانى ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، بارزانى و فەیاز گفتوگۆیان لەبارەى بارودۆخى سیاسى و دوایین پێشهاتەکانى عێراق و ناوچەکە کردووە، لەبارەى پەیوەندییەکانى هەردوو حکومەت جەختیانکردووەتەوە لەوەى کێشەکان لە چوارچێوەى دەستوور قابیلى چارەسەرن و پێویستە دەستوور پێوەر و بنەماى سەرەکى بێت بۆ تێپەڕاندن و نەهێشتنى ناکۆکییەکانى نێوان هەردوولا.
