
شەهید مەلا عەلى 47 ساڵ لەمەوبەر لە سێدارە دراوە.
بە یەکێک لە بناغەدانەرانى ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕیى کورد دادەنرێت.
بۆ یەکەمجار لە شوێنێکى گشتیى پەیکەرێکى لە هاڕاوەی بەردی مەڕمەڕ بۆ نەخشێنرا.
لەمەودوا هەر گەشتیار و ڕێبوارێک بە باخى گشتیى سلێمانیدا گوزەر بکات، هاوشان لەگەڵ پەیکەرى شاعیر و شۆڕشگێڕەکانى دیکەى کورد، چاوى بە پەیکەرى شەهیدێکى دیکە دەکەوێت، کە بە هەڵوێستەکانى ناو زیندانى ناوبانگى بە زیندوویى ماوەتەوە. ئەو کەسەش شەهید مەلا عەلییە کە پاشنیوەڕۆی یەكشەممە بە ئامادەبوونى کەسوکارەکەى و بەرپرسانى حیزبى و حکومى پەردە لەسەر پەیکەرەکەى لادرا.
لە لایەن هونەرمەندی پەیکەرساز، چێنەر نزارەوە نەخشێنراوە.
ماوەی شەش مانگ کارى لە پڕۆژەکەدا کردووە.
لە پەیکەرەکەدا شەهید مەلا عەلى جلى پێشمەرگایەتى و کتێبێکى بەدەستەوەیە.
پەیکەرەکە لەسەر ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمى کوردستان کراوە.

حوسێن مەولود ئەحمەد ناسراو بە مەلا عەلی شاعیر.
ئەدیب، پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ بووە.
ساڵی 1953 لە گوندی بەردبردى ماوەت لەدایكبووە.
ساڵی 1971 پەیوەندی بە ڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستانەوە كردووە.
ساڵی 1979 لە گوندی كرژە دەستگیر كراوە، لە 6ـی حوزەیرانی 1979 لە دادگای هەیئەی خاسەی كەركوك سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.
لە شەوی 22 لەسەر 23ـی تەمموزی ساڵی 1979 لە زیندانی موسڵ لە سێدارە دراوە.

لە ماوەی زیندانیکردنەکەیدا شیعرەکانی لەسەر پاکەتی جگەرە و دیوار نووسیوەتەوە، دواتر دیوانە شیعرییەکەی بە ناوی "شیعر و هەڵوێست" چاپ کراوە. "ژوورى سێدارە" لە بەناوبانگترین شیعرەکانییەتى و لەلایەن هونەرمەندى ناودارى کورد حەمە جەزا کراوە بە گۆرانى.
برا دوور و خزم دوور کەسم دوور
بە نابەڵەد تەمەن ئەمبا بەرەو ژوور
بەڵام ڕوونە، بەرەو سێدارە چوونە
خەنەی خوێنم لە پێ ئەگرێ: ئاڵای سوور
***
بەرەو ژووری، بەرەو ژووری سێدارە
ماندووی کردووم و شوێنەکەم شێدارە
کە نیشانەی پەشێوی پێوە شێوەم
ئەوە برینی ئەشکەنجەیەو، جێ دارە
***
ئەڵێن: ئەمرێ و، لە ترسی مردن پەشێوە
پێشمەرگە بم هەر ئەکەومە پێش ئێوە
بە مەرگی پێش مەرگی ئێوە ئاسوودەم
ڕووشم، زەردەی پێکەنینی هەر پێوە
***
گەرچی بەرەو دواماڵی ژین بەڕێوەم
یەکەم ماڵی نەمردن دیارە لێوەم
بەشم چونکە مردنی ناو جێ نییە
شادم کە تا دوا هەناسەش بە پێوەم
***
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن بێ بە پەرژین
سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن
بە سەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین
پێ لە سەریان دائەنێم و ئەڕوانم،
بەرەو شاری جێ هەواری کاروانم
ئەگەم پێیان، چونکە دیارە جێ پێیان
ئێرەیە و لێی لانادەم تا ئەتوانم
***
ئەوا ئێستا کەوتوومە شوێن پێشڕەوێک
کە لێرە بوە لە پێش مندا چەند شەوێک
دیارە منیش هەر ئەوەندەی لێ ئەبم
وا بە نوێنی ئەو ئەشکێنم سەرخەوێک
***
خۆ بە نوێنی جێماوی دا ئەپۆشم
تا پێی سووک بێ، ئێشی لاشەی نەخۆشم
بۆتە بەڵگەی بە شوێن ئەودا ڕۆیشتنم
ئاخۆ کێی تر پێی دێتە شوێنی خۆشم!
***
دیسان ڕێگای شوێنی کەم لە پێشە
ڕێی گۆڕستان، کە دڵنیام ئەو لەوێشە
ئەگەر لاشەم نەشێ ببرێتە شوێنی
گیانم لە سەر گوڵی سەر گۆڕی مێشە
***
کە دڵنیام ئەچێتە جێی شانازی
لەو ڕێیەدا منیش ئەکەم گیانبازی
کە ئەو خوێنی خەڵاتی ڕێی خەباتە
خوێنی منیش ئەنەخشێنێ ڕێبازی
***
ئەو مەرگەی لێم ترساوە، ئەیلاوێنم
بۆ ناوێرێ بێت و، بگرێ داوێنم!
با بمناسێ کە پێشمەرگەی «کۆمەڵە» و
کادرێکی دەست و داوێن خاوێنم
***
کە پاش مردن هەبوو دنیایەکی نوێ
تا ئەو کاتە با گیانیشم تێر بنوێ
چونکە ڕۆژی هەستانەوە دەرفەتی
فرمانێکی وەک ئێستام هەر بۆ ئەلوێ
***
لەو دنیایەش هەر پێشمەرگەو، کادرم
کە هیچ نەبێ لەوەی ئێستا چاترم
لێرە خاوەن ئەزموونی ڕێی خەباتم
لەوێ لەنێو کوورەی شۆڕش ئاگرم
***
ئەگەر لێرە نەمتوانیبێ بجەنگم
لەوێ بەدەست هاوڕێیەکەوە تفەنگم
ئەگەر لێرە بەجێ مابم لە کاروان
لەوێ لە پێش کاروانەوە پێشەنگم