
جەلال مەلەکشا، لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگە نوێخوازە شیعرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، لە ئاستی نووسینی شیعری بەرگریدا، ناسراو بووە، لە رێکەوتی 19ی ئازاری 1952، لەدایکبووە.
جەلال رەحیمی مەلەکشان، ناسراو بە جەلال مەلەکشا:
لە گوندی مەلەکشانی سەر بە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە
یەکەم منداڵی خێزانەکەی بووە
لەسەر دەستی عەبدولرەزای مامی فێری خوێندنەوە و نووسین بووە، وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، مامی هاندەری بووە بۆ لەبەرکردنی شیعرە کلاسیکییە کوردییەکان، بەتایبەتی شیعرەکانی نالی و مەحوی
بە گوتەی خۆی، لە پۆلی چواری سەرەتاییدا، یەکەم شیعری نووسیوە، لە قۆناغی لاوییدا، شیعرەکانی بەهێز بوون و بە زمانی فارسی گەشتە ئەدەبییەکەی دەستپێدەکات
بەهۆی مەرج و یاساکانی ئێران لەسەر زمانی کوردی، ناچار بووە بە فارسی بخوێنێت

نووسەر، شاعیر، ڕەخنەگر و چالاکوانی سیاسی بووە
کاریگەریی لەسەر ئەدەبی هاوچەرخی کوردی و فارسی دروستکردووە
هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم بووە لە ئەدەبی فارسیدا
بەهۆی نووسینی شیعری سیاسی، دوچاری پلار و گرتن و لێپێچینەوە بووەتەوە، لە زینداندا، ئاشنای گرووپە چەپە سیاسییەکانی کوردستان بووە
ساڵی 1978، لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، شیعرەکانی بە کوردی نووسیوە و لەماوەی چەند ساڵێکی کەمدا وەکو نووسەر و شاعیرێکی دیاری کورد ناوبانگی پەیداکردووە، لە ئاستی ئەفسانەدا، بەردەوام سوودی گەورەی بینیوە، لە سێ ئاڕاستەی سەرەکیشدا، ناوەڕۆکی بابەتەکانی هۆنیوەتەوە، لەوانە:
کۆمەڵایەتی
نەتەوەیی
مرۆیی
ساڵی 1972، چوار ساڵ زیندانیی کراوە، پاش ئازادکردن، بۆ جارێکی دیکە خراوەتەوە زیندان، لەم قۆناغەدا، دەستی کردووە بە نووسینی چیرۆک و لە گۆڤارە فارسییەکاندا بڵاویکردوونەتەوە؛ بە نووسینی چیرۆک لە ناوەندی زیندانەوە، دیوێکی جیاوازی لە ژیانی ئەدەبیی خۆی تۆمار کردووە، بەشێوەیەکی گشتی، لە ماوەی ژیانیدا، ماوەی 12 ساڵ لە زینداندا بووە.
ساڵی 1977، وێڕای نەبوونی هیچ بەرهەمێکی چاپکراو، بەڵام بەهۆی بەهێزی دەقەکانیەوە، وەکو ئەندامی کانونی نووسەرانی ئێران وەرگیراوە، ئەندامێتیی لەم کانونەدا، هۆکارێکی گەورە بووە بۆ نزیکبوونەوەی لە نووسەر و شاعیرە گەورە و دیارەکانی ئەو سەردەمەی ئێران، لەوانە:
مەهدی ئەخەوان سالیس
ئەحمەد شاملوو
هۆشەنگ گوڵشێری
مەحموود ئیعتیمادزادە
هاوکات ئاشنایەتییەکی گەورەی لەگەڵ نووسەرە دیارەکانی کورد هەبووە، لەوانە:
هێمن
هەژار
مەلا عەبدولکەریمی مودەریس
شێرکۆ بێکەس
مارف خەزنەدار

لەژێر فشار و سزای بەردەوامی ڕژێمە جیاوازەکانی ئێراندا، جەلال مەلەکشا چیتر نەیتوانیوە دۆخی نالەبار و ناسەقامگیری خۆی پەسەند بکات و بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە کۆت و بەند، ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ژیاوە، هاوکات لە بەغدادی پایتەختی عێراقیش ژیانی بەسەربردووە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
زمانی نووسینی مەلەکشا، سوود و قازانجێکی گەورەی لە زمانی ئەفسانەیی وەرگرتووە، لە ئاستی شیعری بەرگرییدا، سەردار بووە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شیعری بەرگریی گەیاندووەتە قۆناغێکی گەورەتر، لە دوو ئاستی زمانی فارسی و کوردیدا کاریگەر بووە بە چەندین نووسەر، بۆ فارسی هەریەک لە نووسەران، نیما یوشیج، مەهدی ئەخەوان، سالیس و ئەحمەدی شاملوو، بۆ کوردیش هەریەک لە نووسەران، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا گۆران.
هاوتای نووسینی شیعر، ژمارەیەکی دیار لە چیرۆک، نووسینی ڕۆژنامەوانی و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانی هەبووە، کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی، ئینگلیزی، فەرەنسی، رووسی، عەرەبی، سویدی و فارسی.

ساڵی 2004، بەشێوەیەکی نهێنی، توانیویەتی یەکەم کتێبی شیعری خۆی بەناوی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان" بڵاوبکاتەوە، پێشوازییەکی گەورەی لێکراوە و لەماوەی کەمتر لە یەک هەفتە، چاپی دووەمی بۆ کراوە، پاش تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر ئەم ڕێکەوتەدا، کتێبێک بەناوی "کۆی بەرەهەمە شیعرەییەکانی جەلال مەلەکشا"، بە دوو بەشی کوردی و فارسی، بەشێوەیەکی نهێنی چاپکراوە و بڵاوبووەتەوە، پاش دوو ساڵ، بەشێوەیەکی باشتر و لەژێر سەرپەرشتی خۆی، چاپی نوێی بڵاوکردووەتەوە.
لە ئاستی وەرگێڕاندا، جەلال مەلەکشا دەستێکی کاریگەر و دیاری هەبووە، توانیویەتی بەرهەمی نووسەرە گەورەکانی کورد، لەوانە: شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێو، لەتیف هەڵمەت و جەوهەر کرمان بۆسەر زمانی فارسی وەرگێڕێت.
لە کورتە شیعرێکیدا، جەلال مەلەکشا دەنووسێت:
چل ساڵە من
تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە
دەیگێڕم و ئەشک ئەڕێژم
رێگەی دووری تەمەن ئەبڕم
بستێ خاکم دەس ناکەوێ
ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی
تیا بنێژم!
دوایین ساڵەکانی ژیانی خۆی، بە گۆشەگیری بەسەربردووە، وێڕای تووشبوونی بە نەخۆشی، بەردەوام بووە لە نووسین و چەندین بەرهەمی چاپنەکراوی پاش خۆی جێهێشتووە.
پاش ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی درێژخایەندا، ڕێکەوتی 31ی تشرینی یەکەمی 2020، بەهۆی جەڵتەی دڵ، لە تەمەنی 68 ساڵیدا، کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی گوندی مەلەکشای سەر بە شاری سنە، بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و سروودی ئەی رەقیب، تەرمەکەی بەڕێکراوە و بەخاک سپێردراوە.
