
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ژمارەی سەگە بێلانەکان لە هەرێمی کوردستان بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە و بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ناتەندروست و پاراستنی هاوڵاتییان لە گەستنی سەگ، لە سلێمانی و هەولێر شەڵتەری سەگی بێلانە دروستکراوە و هەزاران سەگیان تیادا کۆکراوەتەوە.
لە ساڵى 2020 و لە پاش بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان، بەهۆى کەرەنتینەى گشتى و مانەوەى هاونیشتمانییان لە ماڵەکان زۆرینەى سەگ و ئاژەڵە بەرەڵاکان روویان لە ئاوەدانى و سەنتەرى شارەکان کرد. لەماوەى 5 ساڵى رابردوو ژمارەى سەگە بەرەڵاکان لە سەنتەرى شارەکان گەیشتە هەزاران و حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئاژەڵدۆستان بەمەبەستى رێگرى لە بڵاوبوونەوەى نەخۆشى و پەلاماردانى هاونیشتمانییان بڕیارى کۆکردنەوەى سەگەکانیان دا.
ژمارەى سەگى بێلانە ئەوەندە زۆربووە، رۆژانە حاڵەتێکى پەلاماردان و گەستن تۆماردەکرێت. ساڵانەش هەزار حاڵەتى سەگ گەستن تۆماردەکرێت و تەنیا لە مانگى ئابى ئەمساڵ 55 حاڵەتى گەستنى سەگ لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
لە هەولێر نزیکەى دوو ساڵە شێڵتەرێکى تایبەت بە سەگى بێلانە درووستکراوە، لەماوەى 10 مانگدا زیاتر لە 17هەزار سەگى بێلانە لە هەولێر کۆکراونەتەوە و سەگە بێلانەکان لەسەر رووبەرى 20 دۆنم زەوى کۆکراونەتەوە.
لە سلێمانى لە ساڵى 2021 لەسەر رووبەرى پێنج دۆنم زەوى، شەڵتەرێک دروستکراوە، بەڵام بەهۆى زۆریی ژمارەى سەگەکان لەو شەڵتەرە رووبەرووى ژینگەیەکى نەگونجاوبوونەتەوە و بەهۆى شەڕەوە هەندێکیان لەناودەچن.
لەپارێزگاى دهۆک شەڵتەرێک بۆ سەگە بێلانەکان لەقۆناغى دروستکردندایە، بەڵام نەتوانراوە لەوادەى خۆى تەواوبکرێت و لە پارێزگاى هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان هیچ شێڵتەرێک دروستنەکراوە.
لە هەولێر دوو ساڵە شەڵتەرێک دروستکراوە
17 هەزار سەگى تێدایە
رووبەرەکەى 20 دۆنمە
لە سلێمانى چوار ساڵە شەڵتەرێک دروستکراوە
هەزاران سەگى تیادایە
رووبەرەکەى 5 دۆنمە
لە دهۆک شەڵتەرەکە تەواو نەبووە و
لەهەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان شەڵتەر نییە.