
. نیکۆ پاز بە خواستی خۆی لە یانەی کۆمۆ مایەوە.
. یاریزانەکە بەدوای یاریکردنی بەردەوام و پێشکەوتنی ئاستیدا دەگەڕێت.
. سیسک فابریگاسی ڕاهێنەر ڕۆڵی گرنگی لە بڕیارەکەیدا هەبووە.
. کێبڕکێی ناوەڕاستی ڕیاڵ مەدرید گەڕانەوەی قورس کردبوو.
سیلین میلیان، ڕۆژنامەنووسی ڕادیۆ مارکا، ئاشکرای کرد مانەوەی نیکۆ پازی ئەرجەنتینی لە کۆمۆ و نەگەڕانەوەی بۆ ڕیاڵ مەدرید لەم وەرزەدا، بە خواستی کەسیی یاریزانەکە بووە.
میلیان لە بەرنامەی "لا تریبۆ" ڕایگەیاند، پاز مانەوەی لە ئیتاڵیا پەسەند کردووە تا بە بەردەوامی یاری بکات، لەبری گەڕانەوە بۆ یانەی شاهانە و کێبڕکێی قورس لەسەر پێگەکەی. هەروەها ڕۆڵی سیسک فابریگاسی ڕاهێنەر گرنگ بووە، چونکە لە کۆمۆ دەرفەتی زیاتری بۆ یاریکردن و پێشکەوتن هەیە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە کە پاز و خێزانەکەی دەناسێت گوتی: "بەپێی زانیارییەکانمان نیکۆ پاز خۆی بڕیاریداوە ئەمساڵ لە کۆمۆ بمێنێتەوە." سەبارەت بە سەختیی یاریکردن لە ناوەڕاستی ڕیاڵ مەدریدیش پرسی: "ئێستا کێ دووردەخەیتەوە تا پاز بە سەرەکی یاری بکات؟ ئایا جود بێلینگهام دووردەخەیتەوە؟"