
وەین ڕوونی، ئەستێرە و گۆڵکاری مێژوویی یانەی مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، لە لێدوانێکی دڵتەزێن و شۆکهێنەردا ئاشکرای کرد کە لە سەردەمی لوتکەی کاروانی وەرزشی و لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتددا، تووشی حاڵەتێکی دەروونی قورس بووە و تەنانەت بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە.
ئەم لێدوانانەی ناوبراو لە کاتی بەشداریکردنیدا لە پادکاستی (Life At The Midpoint) بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە میدیاییەکاندا دروستکرد، چونکە یاریزانان ناتوانن ڕاستگۆ بن لەبارەی ژیانی تایبەتیان و ئەو ڕووداوانەی بەسەریان هاتووە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ڕوونی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای سەرکەوتنە گەورەکانی لەناو یاریگادا، بەڵام لە ژیانی تایبەتیدا تووشی نامۆیی و قەیرانی قورسی دەروونی بووە. وەینی ڕوونی کردەوە کە لە خراپترین کاتەکانی ژیانیدا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ماڵەکەیدا خۆی قەتیس کردووە و بە تەنیا خەریکی خواردنەوەی کحول بووە، تەنها بۆ ئەوەی لە چاوی خەڵک و تەنانەت لە چاوی کوڕە گەورەکەی (کای) دووربێت و نەکەوێتە بەر چاویان.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە یاریگای تۆپی پێ تاکە شوێن بووە کە تێیدا هەستی بە ئارامی و دڵنیایی کردووە، بەڵام بەرگەی هەموو ئاڵنگارییەکانی دەرەوەی یاریگای نەگرتووە.
وەین ڕوونی ئاماژەی بەوەشدا کە کولتووری ناو دنیای وەرزش و نەبوونی هۆشیاری تەواو لەو سەردەمەدا وای لێکردبوو ترس هەبێت لەوەی بە لاواز سەیر بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا بە هاوکاری چارەسەری پزیشکی و کەسە نزیکەکانی توانی زاڵ بێت بەسەر ئەو دۆخە دژوارەدا و ژیانی ڕێکبخاتەوە.
