د. ئیحسان شممەرى: تاوەکو ئێستا حیزبوڵا ڕازى نەبووە لە کشانەوە لە جورفولسەخر

د. ئیحسان شممەری، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی بیری سیاسی لە عێراق
د. ئیحسان شممەری، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی بیری سیاسی لە عێراق

پووختەى هەواڵەکە

• پێدەچێت چوارچێوەى هەماهەنگى فشار بخەنە سەر عەلى زەیدى.

• ئێران مەبەستییەتى نەگاتە ئاستى پێکدادان.


د. ئیحسان شممەری، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی بیری سیاسی لە عێراق، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵ8، ئاماژەى بە دوا پەرەسەندنەکانى دۆخى جورفولسەخر کرد و ئاماژەى بەوەکرد، تاوەکو ئێستا حیزبوڵا ڕازى نەبووە لە جورفولسەر بکشێتەوە، تەنانەت سەرکردەکانى گرووپەکەش هەڕەشەیان کردووە مەگەر بەسەر جەستەیاندا بچنە ناوەوە.


قسەکانى ئیحسان شەممەرى

  • ڕەنگە سەرۆکوەزیران لەژێر فشاری چوارچێوەى هەماهەنگى وادەى کشانەوەى حیزبوڵا لە جورفولسەخر درێژبکاتەوە.

  • بەڵام وەکخۆپی دەڵێت، ماوەکە زۆر نابێت ئەگەر درێژیش بکرێتەوە.

  • کۆبوونەوەکانى قائانى لە عێراق، پێشکەوتنى زۆریان نەبووە.

  • ئێران مەبەستییەتى نەگاتە ئاستى پێکدادان.

  • چونکە نایەوێت ئەو کارتە هەرێمییە لەدەست بدات.

  • ئەگەر پێکدادان ڕووبدات، چوارچێوەى هەماهەنگى پاڵپشتیى زەیدى ناکات.

  • لەم کاتەشدا لەوانەیە زەیدى ناچار بێت دەستلەکاربکێشێتەوە.

دەقى دیمانەى د. ئیحسان شەممەری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی بیری سیاسی لە عێراق

"تاوەکو ئێستا حیزبوڵا ڕازى نەبووە لە کشانەوە لە جورفولسەخر"

تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنێک نییە لە نێوان حکومەتى عێراقى و کەتیبەکانى حیزبوڵا، تەنانەت ئەو فەرمانانەى دەرچوون لە لایەن نووسینگەى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، بۆ دانانى پلانێکى ئەمنى بە بەشداریی هەریەکە لە سوپاى عێراقى و پۆلیسى فیدراڵى و حەشدى شەعبى و تەنانەت پۆلیسى فیدراڵیش، تەنانەت تاوەکو ئێستا کەتیبەکانى حیزبوڵا، هیچ هەڵوێستێکى لەسەر ئەم پلانە نەبووە.

سروشتى لێدوانەکان، کە لەلایەن فەرماندەکانى کەتیبەکانى حیزوڵا دەدرێن، ئاماژە نادەن بە قبوڵکردنى ئەم پلانە ئەمنییە، هەروەها هەوڵەکانى نێوەندگیریی لە ناو چوارچێوەى هەماهەنگى کە لیژنەیەکى سێقۆڵى پێى هەڵدەستێت، لە نێوان حکومەت لەلایەک و کەتیبەکانى حیزبوڵا لە لایەکى دیکە، نەگەیشتووە بە ئەنجامێک، تەنانەت نێوەندگیریی دەرەکى، کە باس لە سەردانى قائانى دەکرێت بۆ عێراق، بە مەبەستى کۆنترۆڵکردنى قەیرانەکە، بە هەمان شێوە پێشکەوتنى گەورەى نەبووە، لەبەرئەوەى سەرۆکوەزیرانى عێراقى، تاوەکو ئەم ساتە پێدەچێت ڕژدبێت لەسەر بڕیارەکەى بۆ دەرکردنى کەتیبەکانى حیزبوڵا لە ناوچەى جورفولسەخر.

"لەوانەیە زەیدى ڕازى بێت ماوەى کشانەوەى حیزبوڵا لە جورفولسەخر درێژبکاتەوە"

بە تێڕوانینى من، لەوانەیە بەڕێز زەیدى، بە فشارى چوارچێوەى هەماهەنگى ڕازى بێت بە درێژکردنەوەى ماوەکە، نەک بە وادەیەک کە لەوانەیە چەند مانگێکى زۆر بێت، لەوانەیە هەفتەیەک یاخود ماوەى مانگێک بداتە کەتیبەکانى حیزبوڵا، ئەمەش دواجار وەک سیناریۆ دەمێنێتەوە.

کەتیبەکانى حیزبوڵا دەڵێن، دەرناچین مەگەر بەسەر جەستەیاندا بێن، جگە لەوەش کەتیبەکانى حیزبوڵا پێى وایە دەرچوونى لە جورفولسەخر، دەبێتە سەرەتاى کۆتایی بوونى و چەک و داهاتووى، لەبەرئەوە پێم وایە سات و کاتى سەخت لەبەردەم سەرۆکوەزیراندایە، لە ئێستاوە تاوەکو ئێوارەى هەینى داهاتوو.

سەرۆکوەزیران گوتویەتى، کاردەکات بۆ چارەسەرکردنى بوونى کەتیبەکانى حیزبوڵا بەگوێرەى دەسەڵاتەکانى کە دەستوورى عێراقى پێى داوە، پێدەچێت سروشتى ئامادەباشى سەربازیی و گەمارۆدانى جورفولسەخر لەلایەن دەزگاى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و پۆلیسى فیدراڵى، جگەلەوەش دوورخستنەوەى زۆرێک لە فەرماندە ئەمنییەکانى پارێزگاى بابل، ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەى سەرۆکوەزیران ڕێوشوێن دەگرێتەبەر، ئەگەر کەتیبەکانى حیزبوڵا تاوەکو هەینى داهاتوو نەکشێتەوە.

"کۆبوونەوەکانى قائانى لەگەڵ هاوپەیمانەکانى پێشکەوتنیان نەبووە"

بە دڵنیاییەوە قائانى چاوى بە هاوپەیمانەکانى لە بەغداد کەوتووە، چاوى کەوتووە بە سەرکردە سیاسییەکانى ڕیزى یەکەم لە چوارچێوەى هەماهەنگى، هەروەها چاوى کەوتووە بە فەرماندەکانى گرووپە چەکدارەکان، وەک هەوڵێک بۆ ڕاگرتنى هەر لێکەوتەیەک کە لەوانەیە ڕووبدات، یاخود ساتى پێکدادانى حکومەت و کەتیبەکانى حیزبوڵا، قائانى باش دەزانێت لەبەرژەوەندى ئێران نییە، ململانێی سەربازی، یاخود ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى، لە نێوان دامەزراوەى ئەمنیی فەرمیی عێراقى و هاوپەیمانەکانى لە گرووپە چەکدارەکان، چونکە زیانێکى گەورە دەبێت بۆى، تەنانەت قائانى نایەوێت هێزێکى بەرپەرچدانەوەى هەرێمى لەدەستبدات، وا لە گرووپە چەکدارەکان دەڕوانێت، کارتێکى هەرێمییە، چاوى پێیان کەوتووە، هەوڵى داوە، بەڵام دواجار پێدەچێت بەڕێز زەیدى، لەبەردەم پابەندیدا بێت، کە خستوویەتییە سەرشانى خۆى، یەکەم لەبەرامبەر گەل، کاتێک ئاماژەى بەوەکردووە، ئەم بڕیارە جێبەجێدەکات، بە پاڵپشتیی گەلى عێراق، هەروەها لەبەردەم پابەندیدایە لە بەرامبەر ئەمریکا، کە ڕژدە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى چەکى ئەم گرووپانە.

"زەیدى کار بۆ وشکردنى سەرچاوەى دارایی گرووپەکان دەکات"

لیژنەى لێکۆڵینەوە کە لیژنەیەکى بێلایەن بووە، ئاماژەى پێکردووە و دووپاتیکردووەتەوە، قاچاخچێتى نەوت هەیە، بەڵام پێموایە، ناونیشانەکە قاچاخچێتى نەوتە، ئەگەر بڕوانینە ڕێوشوێنەکانى حکومەت، یاخود سروشتى ئەو ڕێوشوێنانەى کە بەڕێز زەیدى پەیڕەوى کردوون، لە یەک چوارچێوەدایە کە هەڵوەشاندنەوەى سیستمى گرووپە چەکدارەکانى هاوپەیمانی ئێرانە، لە هەمانکاتدا کە 30ـى حوزەیرانى 2027 دانراوە بۆ چەکدانانى تەواوەتى، وادەیەکیشە بۆ ڕاگرتنى قاچاخچێتى نەوت لە جورفولسەخر، کە دەکرێت وا وێناى بکەین بۆ بڕینى ئەو سەرچاوە داراییەیە کە گرووپە چەکدارەکان بەدەستى دەهێنن.

ئەمەش بەشێکە لە مەرجەکانى ئەمریکا، بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە چەکەوە، بەڵکو ئەو سەرچاوە داراییەى ئەو گرووپانە بەدەستى دەهێنن لە ئەنجامى قاچاخچێتى نەوت، یاخود بەدەستهێنانى لە گرێبەستەکانى دامەزراوەکانى دەوڵەت.

بەڕێز زەیدى بەر لە چوونى بۆ ناو قەیرانى بەقاچاخبردنى نەوت لە جورفولسەخر، کارى کردوە لەسەر هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى هەندێک لە گرووپەکان لە موسڵ و تەنانەت لە بەغداد، فەرمانى کردووە بە لیژنەکانى لێکۆڵینەوە و دەستەى دەستپاکى بە وردبینى لە هەندێک لەو گرێبەستانەدا بکەن کە گرووپەکان بەدەستیان هێناون، تەنانەت لە دەستەى پیشەسازیی جەنگى. ئەمەش خۆى لەخۆیدا وێنەیەکى ڕوون دەدات کە بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە قاچاخچێتى، بەڵکو پەیوەستە بە بوونى گرووپەکان و سەرچاوە داراییەکانى و هەژموونى لە دامەزراوەکان.

"لە شارەکانى دیکەش داواى کشانەوەى گرووپە چەکدارەکان دەکرێت"

فشارە ناوخۆییەکان بوونەتە ڕاستى، ئەگەر بڕوانینە هێزە سوونییەکان، لە پارێزگاکانى ئەنبار و سەڵاحەدین و موسڵ و تەنانەت دیالە و کەرکووکیش داوا دەکەن گرووپەکان لەو پارێزگایانە بکشێنەوە، هەروەها لەسەر ئاستى لێدوانەکانیش بینیمان، سەرکردەکان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاتێک کاک بافڵ ئاماژەى بەوەکرد، ڕووبەڕووى ئەو گرووپانە دەبێتەوە کە سلێمانى و هەرێمى کوردستان دەکەنە ئامانج، ئەمە داخوازییەکى ناوخۆییە، جگەلەوە ئەم گرووپانە هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانى دراوسێ، هێرشیان کردووەتە سەر سعودیە و کوەیت، ئەمەش وایکردووە عێراق زۆر ئیحراج ببێت، لەبەرئەوە ناتوانرێت پەیوەندییەکانى عێراق و وڵاتانى عەرەبى ئاسایی بکرێتەوە، تاوەکو عێراق نەبێتە جوگرافیایەکى ئارام بۆ ئەو وڵاتانە و چەک کۆنەکرێتەوە.

پێم وایە مەرجەکانى ئەمریکا لە سەردەمى سوودانییەوە تاوەکو ئێستا هەن هیچ جیاوازییەکیان نییە، تاوەکو ئێستاش مەرجەکان بەردەوامن، ئەمریکا ڕازى بووە و نەرمى نواندووە هەندێک لە گرووپەکان بچنە ناو حکومەتەکەى بەڕێز زەیدى و وەزارەت وەربگرن، بەڵام بەمەرجى کۆکردنەوەى چەک.

"لەوانەیە زەیدى دەستلەکاربکێشێتەوە"

پێم وایە ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى ڕووبدات، چوارچێوەى هەماهەنگى فشار لە بەڕێز زەیدى دەکات و پاڵپشتیی ناکات لەم ڕێوشوێنانەدا، لەوانەیە لەم کاتەدا بەڕێز زەیدى ناچار بێت دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەمە لەناو کۆبوونەوەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى باس نەکراوە، ئەگەر گرووپەکان چەکدانان یاخود کشانەوە لە هەندێک پێگە ڕەتبکەنەوە، پێم وایە ئەمریکا سزاى زۆر گەورە دەسەپێنێت، کە خۆى لەخۆیدا دەمانخاتە بەردەم سیناریۆى نوێ و فشارى ئەمریکا.

Loading related news...