لە تورکیا رۆژنامەوانێکی سویدی بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە و سووکایەتی بە ئەردۆغان بەندکرا

کای خواکیم مێدین، رۆژنامەوانی سویدی
کای خواکیم مێدین، رۆژنامەوانی سویدی

کای خواکیم مێدین، رۆژنامەوانی سویدی بە تۆمەتەکانی "سووکایەتی بە سەرۆککۆماری تورکیا و ئەندامێتی لە رێکخراوی تیرۆریستیی چەکدار"، لەلایەن دادوەرى ئێشکگرى ئەنقەرەوە فەرمانی بەندکردنی بۆ دەرکرا، رێکخراوەکانی رۆژنامەوانانیش سەرکۆنەی بڕیارەکە دەکەن.

کای خواکیم مێدین، کە پەیامنێری رۆژنامەی ئی تی سی سویدییە، بەمەبەستی رووماڵی خۆپیشاندانەکانی دژ بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو پێنجشەممە گەیشتووەتە تورکیا و لەگەڵ گەیشتنی دەستگیرکراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە تاوەکو رۆژی دادگاییکردنی لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە، بە فەرمانی دادوەر بە دەستبەسەریی دەمێنێتەوە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرە لە 13ـی 1ـی 2023دا دۆسیەی لێکۆڵینەوەی لە مێدین و 14 گومانلێکراوی دیکە کردووەتەوە بە تۆمەتی سووکایەتی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای ئەوەی لە 11ـی 1ـی 2023دا لە میانی خۆپیشاندانێکدا بووکەڵەیەکی چوێندراو بە ئەردۆغانیان لەسێدارەداوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مێدین سەردانی ناوچەکانی شەڕی لە سووریا کردووە، لە 2014دا سەردانی قەندیل، لە 2016دا دیاربەکر و لە 2017دا سەردانی هەولێری کردووە و "لەو سەردانانەدا چالاکیی دژی بەرژەوەندییەکانی تورکیا ئەنجامداوە".

وەزیری دەرەوەی سوید بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، داوایان لە باڵیۆزی وڵاتەکەیان لە تورکیا کردووە ئەو تۆمەتانەیان بۆ روونبکاتەوە، کە ئاڕاستەی مێدین کراوە و داوا بکات مێدین بتوانێت لە خزمەتگوزارییەکانی باڵیۆزخانەکەیان سوودمەند بێت.

لای خۆیەوە رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، سەرکۆنەی دەستگیرکردن و زیندانیکردنى کای خواکیم مێدینی کردووە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کردووە تاوەکو بتوانێت رووداو و پێشهاتەکانی تورکیا بۆ رایگشتی بگوازێتەوە.

محەمەد عەلی

Sat Mar 29 2025

Loading related news...