مەسعود پزیشکیان: ڕێبەرى باڵا دەسەڵاتى دیالۆگى لەگەڵ ئەمریکا پێداوین

دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە فۆتۆ؛ سەرۆکایەتیى ئێران
دیمەنێک لە کۆبوونەوەکە فۆتۆ؛ سەرۆکایەتیى ئێران

پووختەى هەواڵ

  • بەرپرسانى باڵاى ئێران لێدوانى جیاواز لەبارەى دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەدەن.

  • نێوەندگیرەکان هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و مەرجەکانى ئێرانیان بە ئەمریکا گەیاندووە.

  • لەگەڵ گەرمبوونەوەى باسوخواسى دانوستان، ئەگەرى دەستپێکردنەوەى جەنگیش گەرمە.


لە تازەترین پێشهاتدا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران ڕایگەیاند، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە ڕێگەى دیالۆگەوە دەدەن و ڕێبەرى باڵاى وڵاتیش لەو بارەیەوە هەندێک دەسەڵاتى داوەتە حکومەت.


مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران لەمیانەى کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ پارێزگار و سەرۆکى شارەوانییەکان:

جەنگ لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێک نییە و دوژمنیش ناتوانێت ناچارى خۆ بەدەستەوەدانمان بکات.

  • هەوڵ دەدەین کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین و لەم پێناوەشدا ڕێبەری باڵای وڵات دەسەڵاتی پێویستی داوە بە حکومەت.

  • حکومەت بە پشتیوانی خەڵک و بە بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانەی کە لەلایەن ڕێبەرەوە پێیدراوە، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بە دیالۆگ دەدات.

  • بەڵام لە بەرانبەر درۆ و زیادەڕەوییەکانی دوژمنیشدا بە هێزەوە دەوەستن.

لە کۆبوونەوەکەدا پزیشکیان باسى دۆخى خراپى ئابووریى هاوڵاتییانى وڵاتەکەى کرد و گوتى "دەبێت بە هاوکاری و هەماهەنگى خەڵک، لەو ئاڵنگاری و قەیرانانە دەرباز بین کە ئەمڕۆ دوژمنان بۆ ئێران دروستیانکردووە".

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکەى سەرۆککۆمارى ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران ئارەزووى ڕێککەوتنى هەیە و بزانین چى ڕوودەدات.

لێدوانەکەى مەسعود پزیشکیان و دۆناڵد ترەمپ لەبارەى چارەسەرکردنى کێشەکان لەڕێگەى دیالۆگەوە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەوڵە نێوەندگیرییەى کە لە ئارادایە و قەتەرییەکان سەرۆکایەتى دەکەن بۆ ڕێککەوتنێکى ئاشتى لەنێوان ئەمریکا و ئێران.

زانیاریى زیاتر بۆ تۆ:

چۆک دانادەین؛ تاران مەرجی کردنەوەی گەرووی هوورمز بۆ دوو ڕۆژ کەم دەکاتەوە

Loading related news...