
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران دەکات.
ترەمپ دەڵێت، ڕەنگە ناچار بین هێرشێکی وێرانکەر بکەینە سەر ئێران، بەڵام کاتەکەی دیار نییە.
ئێرانیش دەڵێت، ئەگەر جەنگ دەستپێبکات جەنگێکی درێژ دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم پاڵپشتیکەرانی لە کەمپینێکی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی ئایۆوا بەر لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، تاکە هۆکار کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئێران یەکلایی نەبووەتەوە ئەوەیە کە دڵی باشە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەیەوێت هەوڵبدات گیانی ئێرانییەکان ڕزگار بکات، بەڵام لە قۆناغێکدا هەر ناچار دەبێت هێرشێکی وێرانکەر بکاتە سەریان.
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو، ترەمپ چەند جارێکی باسی لە دەستپێکردنەوەی جەنگی دژ بە ئێران کردووە.
بەڵام هەرگیز باسی لەوە نەکردووە کە کاتەکەی کەی دەبێت.
باسی لەوەش کردووە کە هەڵبژاردەی دیپلۆماسیەتیش هێشتا لەسەر مێزەکەیە.
ڕۆژی یەکشەممەش، بەرپرسانی ئێران هۆشدارییاندا و ڕایانگەیاند، ئەگەر جەنگ لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکاتەوە ئەوا لە جەنگەکانی ڕابردوو درێژتر دەبێت، چونکە واشنتن خاوەنی ئەو بڕیارە نابێت کە کەی ئەو جەنگە کۆتایی پێدێت.
ڕۆژی شەممەش ترەمپ ئاشكرایکرد، ئەمریکا بەشێکی زۆری توانای ئەتۆمیی ئێرانی لە ناو بردووە بەڵام هێشتا ئامانجێک یاخود دوو ئامانجییان ماوە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
