
تەکەر کارڵسن: تەنیا چەکی ئەتۆمی دەتوانێت تونێلەکانی ژێر چیای قوڵنگ بتەقێنێتەوە.
ترەمپ لە ژێر کاریگەرى نەتانیاهوو، هێرشى ئەتۆمى دەکاتە سەر ئێران.
تەکەر کارڵسن، میدیاکارێکی دیاری ئەمریکیییە، هۆشداریدا لەوەی ڕەنگە ئیدارەی ترەمپ چەند ڕۆژێکی دیکە هێرشێکی ئەتۆمی بکاتە سەر ئێران، ئەوەش لە ژێر فشاری چڕی بینیامین نەتنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل.
تەکەر کارڵسن زانیارییەکانی لە ڕێگەی هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە.
لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا زیاتر لە15 ملیۆن کەس پۆستەکەیان بینی.
ئامانجی ڕاستەوخۆی هێرشە گریمانەکراوەکە کێوی قوڵنگ (کۆلەنگ) لە ناوەڕاستی ئێران.
زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل: تاران پڕۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێدا دەستپێکردووەتەوە.
چیای قوڵنگ، کۆمەڵگەیەکی ژێر زەوییە لە باشووری تاران.
دەکەوێتە دووریی کەمتر لە دوو کیلۆمەتر لە باشووری دامەزراوەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
شارەزایان دەڵێن کۆمەڵگەکە پارێزراوە لە بەهێزترین بۆمبەکانی ئەمریکا کە پەناگە و ئەشکەوتەکان دەتەقێننەوە.
کارڵسن: ئەمریکا هیچ چەکێکی نییە بتوانێت بڕواتە نێو 300 پێ لە چینی گرانیتی تاوەکو تونێلەکانی ژێر شاخەکە و نێو کۆمەڵگەکە بتەقێنێتەوە و خاپووری بکات.
کارڵسن: تەنیا بژاردەی سەربازیی بەردەست بۆ تێکدان و خاپوورکردنی کۆمەڵگە سەربازییەکەی ژێر شاخی قوڵنگ، هێرشی ئەتۆمییە.
کارڵسن: نەتانیاهوو بە توندی گوشار بۆ پەسەندکردنی ئەم بژاردەیە دەکات.
کارڵسن: ڕۆژانە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ترەمپ لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
تەکەر کارڵسن ئامانجی ئەم هێرش و هەڵکشاندنە لە ڕادەبەدەرەی بۆ ئەو قەیرانە قووڵە ناوخۆییە گەڕاندووەتەوە کە بینیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە دوای هەڵبژاردنەکان تووشی بووە کە نەیتوانیوە 61 کورسی لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت و حکومەت پێکبهێنێت.
بە گوتەی کارڵسن، ئەگەر نەتەنیاهوو لە پێکهێنانی حکومەتدا شکستبهێنێت، دەکەوێتە دەرەوەی دەسەڵات و ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و ڕێکارە یاساییەکان دەبێتەوە کە ڕەنگە ببنە هۆی زیندانیکردن.
ئەمەش وا دەکات سوور بێت لەسەر هێشتنەوەی پەیوەندیی زۆر نزیک لەگەڵ ترەمپ و گرەوکردن لەسەر هەڵگیرساندنی جەنگ لە پێناو پاراستنی داهاتووی سیاسی خۆی.
بە گوتەی سەرچاوەکانی ڕۆژنامەوانەکە، نەتانیاهوو ئەوپەڕی گوشاری خستووەتە سەر بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە پێناو قایلبوون بە هێرشەکە لە نێویشیاندا پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم.
ئەو دوو بەرپرسە هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە زەبەلاحەکان دەدەن دژی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە ڕێگەی دانوستانەوە.
تەکەر کارڵسن ئاماژەی بەوەشکردووە، هەریەک لە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری هەواڵگریی ناوەندیی ناسراو بە سی ئای ئەی، لەگەڵ هەمان شێوازی نەتانیاهوودا هاوڕان.
لەسەر ئاستی ئۆپۆزسیۆنیش، بە گوتەی کارڵسن سەرکردەکان لە پارتی دیموکرات، لە نێویاندا باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکی ئەمدواییەدا، دژایەتیی خۆیان بۆ ڕێککەوتنی ئاشتیی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاندووە کە لە دەوحەی پایەختی قەتەر کاری لەسەر دەکرێت.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڕۆژنامەوانە، ئیدارەی ئەمریکا لە مانگی شوباتەوە بە هێمنی بنەماکانی باوەڕی ئەتۆمی وڵاتەکەی داڕشتووە و نووسیویەتییەوە تاوەکو بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمیی تەکتیکی بۆ یەکەمجار ئاسانتر بێت. دەشڵێت، پێناچێت هیچ کەس لە واشنتن لە هیچ یەکێک لە دوو پارتە سەرەکییەکەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لەم بابەتە بێزاربێت.
ڕۆژنامەوانە ئەمریکییەکە دەڵێت: "ئێستا لە سەروبەندی بەکارهێنانی چەکەکەداین".
بە گوێرەی چاودێران و نزیکەکانی ترەمپ ئاماژە بەوە دەکەن، دۆناڵد ترەمپ تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بڕیاری یەکلاکردەوە لە بارەی دۆسیەی ئێران دەدات بە دیاریکراو لە حەوتی مانگ واتە سێ ڕۆژ دوای هەڵبژاردەکانی نیوەخولی ئەمریکا.
